کۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی – کوردی دەستی پێکرد

پۆڵەتیک پرێس

ئەمڕۆ شەممە بە بەشداری دەیان کەسایەتی گرنگ، کۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی – کوردی لە بەغدا دەستی پێکرد، ئامانجیش ئەوەیە دیالۆگێکی دیموکراتی و پێکەوەیی و ئاشتییانە بکاتەوە لە نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان و کۆمەڵگای دیموکراتی.

لە کۆنگرەکەدا زیاتر لە دەیان میوان کە لە کەسانی ئەکادیمی، ڕۆشنبیر، نوسەر، کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەشداریان کردبوو، هەروەها لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب و سەرجەم  پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی عێراق پێکهاتبوون.

کۆنگرەکە ماوەی یەک ڕۆژ دەخایەنێت واتە هەتا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت. کۆنگرەی بەرەو دیالۆگی عەرەبی – کوردی سەرکەوتوو، لە دووپ پانێڵ پێکدێت هەروەها چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە

تەوەرەکانی پانێڵی یەکەم “خەباتی هاوبەشی عەرەب و کورد بەدرێژایی مێژوو” کە لەلایەن د.سەیف عەدنان کازمەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری دووەم ” کاریگەری دەوڵەت-نەتەوە لەسەر پەیوەندی عەرەب و کورد” کە لەلایەن د. عەلی مەهدییەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری سێییەم ” کاریگەریی سیاسەتی داگیرکاریی نێودەوڵەتی و مەترسییەکانی پرۆژەی عوسمانی نوێ لەسەر عێراق” کە لەلایەن حەسەن جودییەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری چوارەمیش ” ڕۆڵی ژنانی عەرەب و کورد، لە گۆڕینی هزری کۆمەڵگەی عێراق” کە لەلایەن نەجیبە قەرەداغییەوە پێشکەشدەکرێت.

تەوەرەکانی پانێڵی دووەم ” چەمکی جەنگ و ئاشتی” کە لەلایەن شۆڕش عەباچییەوە پێشکەشدەکرێت” تەوەری دووەم “ململانێی هاوبەشی نێوان عەرەب و کورد لە ئێستادا” کە لەلایەن پرۆفیسۆر حیکمەت حەبیبەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری سێیەم”گرنگی شۆڕشی هزری دیموکراسی لە عێراق، ناسیۆنالیزم، ئاین، نەتەوە ” کە لەلایەن شێخ ئازاد عەبدالەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری چوارەمیش ” دەوڵەتی هاوڵاتییبوون و نەتەوەی دیموکراتیک، پرۆژە چارەسەرییە پێشنیارکراوەکان بۆ ستراتیژی ناوچەکە” کە لەلایەن د.کامیران بەروارییەوە پێشکەشدەکرێت.

لە کۆتاییشدا ئەنجامەکانی کۆنگرەکە لە بەیاننامەیەکدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕایگشتی دەخرێتەڕوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا