پەیامێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەبۆنەی 73 هەمین ساڵی بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەسپاوە، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی هەمیشە تەئكید لە پابەندبوون و پارێزگاری و لانەدان لە خاڵ و بڕگەكانی مافەكانی مرۆڤ دەكەینەوە و وەك ئەمانەتێكی راسپاردەی بەردەوامی سەرۆك مام جەلالیش لەم چەمكە دەڕوانین.

لەسەرەتای بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەمڕۆ كە جیهان یادی ئەو بۆنە گرنگەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ دەكاتەوە و بیری هەموو لایەكی دەهێنینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و لە سەردەمی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە پابەندی بەشێكی زۆری ئەو خاڵانە بووە و لە بەرنامە و پەیڕەویدا ئاماژەی پێكردووە و لە نەبەردی پێشمەرگانەی خەباتی رەوای چەكداریشدا شەڕێكی پاك و بە مۆرالی شۆڕشگێرانەی كردووە و مامەڵەی مرۆڤدۆستی لەگەڵ چەكدارە دیلەكانی رژێم و خەڵكی سیڤیلی بێگانە كردووە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا باس لەوە كراوە، لە پاش راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و لە یەكەمین كۆنگرەی گشتیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك یەكەمین رێكخراوی رەوتی چەپ لە پێش مافی چارەی خۆنووسینەوە چەمكی مافەكانی مرۆڤی كردە یەكێك لە دروشمەكانی خۆی و بۆ زیاتر بەهەند وەرگرتنی ئەم چەمكە بڕیاریشدرا كە لە ئۆرگانەكانی حزبدا بەشێكی كارا بۆ مافەكانی مرۆڤ بكرێتەوە و ئیتر لەوە دەرچوو چەمكی مافەكانی مرۆڤ تەنها مۆركی حزب و رێكخراوە بۆرژەوا و كۆنسێرڤاتیڤەكان بێت.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، گرنگیدان و پەرۆشی سەرۆك مام جەلال بۆ مافەكانی مرۆڤ بایەخێكی تایبەتی هەبوو ئەمەش بووە ناسنامەیەكی تری ئەم زاتە مەزنە كە لە نێوەندە جیهانییەكاندا زۆر جار بە سەركردە و شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕێكی داكۆكیكەر لە مافەكانی مرۆڤ و یەكسانیخوازی گشت چین و توێژەكان و مرۆڤدۆستی لە نێو گەلاندا بە نموونە دەهێنرایەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە سەرۆك مام جەلال ساڵی ١٩٩٥ ی ناو نا ساڵی مافەكانی مرۆڤ و لە بڕیارنامەی پارێزەرانی جیهانیدا ئیمزای دژ بە سزای لە سێدارەدانی مرۆڤی كرد.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونیكردووەتەوە، لە پاش رووخانی رژێمی بەعس ئەم رۆڵەی سەرۆك مام جەلال لە نێو لایەنە ناكۆكە عیراقییەكاندا بوو بە هەوێنی ئەوەی كە هاوسەنگییەك لە نێوانیاندا بە جۆرێك رابگرێت كە عیراقییەكان نازناوی( صمام الامان ) ی پێ ببەخشن.

جەختیش دەكاتەوە، لەبەر ئەم هۆیانەیە كە جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەسپاوە، بۆیە ئێمە لە مەكتەبی سیاسی هەمیشە تەئكید لە پابەندبوون و پارێزگاری و لانەدان لە خاڵ و بڕگەكانی مافەكانی مرۆڤ دەكەینەوە و وەك ئەمانەتێكی راسپاردەی بەردەوامی سەرۆك مام جەلالیش لەم چەمكە دەڕوانین.

ئەوەشهاتووە، شاهیدی ئەوەشمان لەم چەند رۆژەدا بە دەركەوتووە و كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازیی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكاندا وێڕای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و رێگە لێنەگرتنیان، هەفاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دوو جار و بۆ چەندین سەعاتی دور و درێژ لەگەڵ نوێنەرانی خوێندكارە ناڕازییەكان كۆبۆوە و لە نزیكەوە گوێی بۆ داواكانیان گرت و بە چەند قۆناغێك بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی نێو بەشە ناوخۆییەكان و ناو بەش و كۆلیژ و كرێی هاتوچۆ یان پاسی بۆ خوێندكاران دابین كرد.

بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی باسی لەوەشكردووە، كە هەموو ئەوانەش رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیادەی دەكات كە مافەكانی مرۆڤ تەنها بە نووسین وەرنەگرتوووە و بەڵكو بە كرداریش لەگەڵ چین و توێژەكاندا پیادەی دەكات.

جارێكی تر لە یادی تێپەڕبوونی 73 ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤدا بۆ هەموو لایەكی دووپاتدەكەینەوە كە خۆمان بە پارێزەری بەند و خاڵەكانی ئەو جاڕنامەیە دەزانین كە لە پێناوی مرۆڤایەتیدا نووسراوەتەوە و هیوای ژیانێكی پڕ لە ئۆقرەیی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەخوازین كە لە گشت مافەكانیان بێبەش نەبن، هەروەها لەم یادەدا تەئكید لەوە دەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێداگیریی لەسەر خەباتی نەپساوە دەكات بۆ پاراستن و پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ و كە تێیدا ئازادییە سیاسیەكان و ئازادی رادەربڕین و سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگەری فەراهەم كرابێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا