كاردانەوەكان بەرامبەر كڕینی موڵكێك لەلایەن مەسرور بارزانی فراوان دەبێت

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

20 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتییانكردووە داوادەكەن بەدواداچوون بكرێت بۆ زانیارییەكانی ئەو راپۆرتە بنكۆڵكارییەی كە رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە و باس لە كڕینی موڵكێك دەكات لەلایەن مەسرور بارزانی بە بڕی 18 ملیۆن دۆلار.

لە یاداشتی ئەو رێكخراوانەدا هاتووە، بەپێی یاسا بەركارەكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكی دامەزراوەی خزمەتی گشتییە، لە ئێستادا لە رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمەریكی بەناوی (The American prospect) راپۆرتێكی (بنكۆڵكاری) بەناونیشانی (دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی… پاشماوەی گەندەڵی لە عێراقەوە بۆ میامی) بڵاوكردۆتەوە، تیایدا ئاماژە بە كڕینی موڵكێك كراوە بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار، كەتیایدا هاتووە خاوەنە راستەقینەكەی مەسرور بارزانیە، لە هەمان راپۆرتدا باس لە بڕێكی زۆری سەروەت ‌و سامان كراوە كە بردراوەتە ئەمریكا كە بەهاكەی (ملیارێك و 27 ملیۆن) دۆلارە.

لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەدا باس لەوەكراوە، ئەمە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، پرۆژە خزمەتگوزارییەكان وەستێنراون، چەندین موچەی ساڵانی رابردووی فەرمانبەران لای حكومەت ماوەتەوە و لە ئێستاشدا موچە لەكاتی خۆیدا نادرێت، پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە دابین ناكرێت، خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران بەمەبەستی گێڕانەوەی دەرماڵەكانیان بەردەوامە كە ماوەی حەوت ساڵە بڕاوە، ئەمانەو چەندین گرفت و كەموكوڕیی تری پەیوەست بە قەیرانی داراییەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم راپۆرتە هەفتەیەكە بڵاوكراوەتەوە و وروژێنراوە، كەچی نابینرێت هیچ بەدواداچوونێك كرابێت، لە كاتێكدا پەرلەمانتاران لەسەر هەموو بابەتێك لێدوان دەدەن، كەچی لە ئاست ئەم بابەتەدا بێدەنگن! دەستەی دەسپاكی موخبیری هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، كەچی لەئاست ئەم راپۆرتەدا بێدەنگە كە لە رۆژنامەیەكی موعتەبەردا بڵاوكراوەتەوە داواكاری گشتی لەسەر پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كۆمێنتێك خەڵكی داوە بەدادگا، كەچی لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگە! هەر بۆیە ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كاتێك ئەم بێدەنگییەمان بینی بە پێویستمان زانی داوا بكەین پەرلەمانتاران و داواكاری گشتی و دەستەی دەسپاكی بەئەركی یاسایی خۆیان هەڵسن و لەسەر ئەم پرسە بەدواداچوون بكەن، روونی بكەنەوە ئاخۆ ئەو بابەتە راستە یان نا.

ئەمڕۆ لە روونكردنەوەیەكدا نووسینگەی سەرۆكی حكومەت زانیارییەكانی راپۆرتەكەی رۆژنامە ئەمریكییەی رەت كردەوە و رایگەیاند: “راپۆرتەكە بێ‌ بنەمایە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا