نێچیرڤان بارزانی: هاوڵاتیان كاتێك پابەندی یاسا دەبن كە ئازادو سەربەخۆ بێت

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،گرنگە دادوەران و ئەنجومەنی دادوەری لەهەرێم سەربەخۆبن و رێگە نەدەن كەس دەستوەربداتە كاروبارییانەوە، راشیگەیاند، هاوڵاتیان كاتێك پابەندی یاسا دەبن كە دڵنیابێت كە ئازادو سەربەخۆیە.

نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمی ‎سوێندخواردنی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن وەك سەرۆكی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بنەمای سەرەكی هەر وڵات و سیستمێكی دیموكراسی و پێشكەوتوو كە تێیدا هاوڵاتی متمانەی بە ئێستاو داهاتووی خۆی بێت بریتییە لە جیاكردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری.

وتیشی، “ئامانجان ئەوەیە لە كوردستان هەر سێ دەسەڵاتەكە لە یەك جیابن و كەسیان دەست نەخاتە كاروباری ئەوی دیكەیانەوە، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگترین هەنگاوی بەدامەزراوەكردنی حكومەت و كۆمەڵگەی پێشكەوتووە”.

راشیگەیاند، سەربەخۆی دادوەر بەمانای ئەوەیە سەربەخۆ بێت لە بڕیاردان هەروەها پارێزراو بێت لە هەموو هەڕەشەیەك بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەریش واتە ئەنجومەنەكە وەك دامەزراوە سەربەخۆبێت و لەژێر كاریگەری حكومەت و پەرلەمان و كاریگەری سیاسیدا نەبێت هەروەها نەبێتە ئامرازی دەستی سیاسەت.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەكرد، هاوڵاتیان كاتێك پابەندی یاساو ئەنجومەنی دادوەری دەبێت دڵنیابێت كە ئازادو سەربەخۆیە.

وتیشی، “بەڵام ئایا واقیعی كوردستان وایە؟، وەڵامی ئەوەش بۆچوونی جیاوازی هەیە”.

هاوكات ئاماژەی بەوەكرد، زۆرجار دەسەڵاتی داوەری هاوشێوەی كایەكانی دیكە بووەتە بابەتی ناكۆكی و پڕوپاگەندەو شەڕی سیاسی و میدیایی لە كوردستان، “هەندێك راستی هەیە دەبێت زۆر بە جورئەتەوە دانی پێدا بنێین، دەسەڵاتی دادوەری كاریگەری و هەژموونی سیاسی بەسەرەوەیە و دەبێت رێگری لێبكرێت”.

هەروەك باسی لەوەكرد، هاوكات بەبڕوای ئەو پێش هەموو شت دەبێت دەسەڵاتی دادوەری ئیرادەی جددی هەبێت بۆ رووبەڕووبونەوەی تەحەدییەكان و رێگە نەدات و قبوڵی نەكات هیچ كەس و دەسەڵاتێك دەست بخاتە ناو كاروبارییانەوەو نەچێتە ژێر هیچ داواكارییەكی نایاساییەوە.

جەختی لەوەشكردەوە، دەبێت دادوەران و ئەنجومەنی دادوەری لە كێشە سیاسییەكان بەدوور بن و لایەنگری نەكەن، چاوەڕوانی لە دادوەرانیش ئەوەیە سەربەخۆ بن، چونكە كاتێك یاسا دەتوانێت متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بهێنێت كە بتوانێت بیپارێزێت، لەبەرئەوەی ئەگەر هاوڵاتیان متمانەیان بە دادگا نەبێت ئەوا تاوان زۆر دەبێت تۆڵەكردنەوە زۆر دەبێت ئاشتی كۆمەڵایەتی تێك دەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا