پۆڵەتیک پرێس:
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تا 31ی کانوونی یەکەمی 2021، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراقدا نامێنن.
لە پەیامێکدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا جۆ بایدن ئاشکرایکرد، “ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و هێزە سەربازییەکانی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەکاتەوە بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشەکانی لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر”، وتیشی: لەکۆتایی ساڵی 2021 هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراقدا نامێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی کەم لە سەربازانی ئەمریکا لە یەمەن بڵاوەیان پێکراوە بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە قاعیدە و داعش.
وتیشی: هێزەکانمان لە سعودیە بڵاوپێکردووە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان لەو ناوچانە دژی هەر جوڵەیەکی دوژمنکارانەی ئێران.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا ئەمریکا و عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کۆتایی ئەمساڵ عێراق بەجێبهێڵن.