وەزارەتی پێشمەرگە روماڵی میدیایی بەرەكانی جەنگی قەدەغەكرد

پۆڵەتیك پرێس

بەمەبەستی رێكخستنەوەو نەهێشتنی پەرتەوازەیی، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم روماڵی میدیایی بەرەكانی جەنگی قەدەغەكردو رێگەش نادات هیچ پێشمەرگەو فەرماندەیەك چاوپێكەوتنی میدیایی ئەنجام بدەن.

میران بەكر بەڕێوەبەری نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم بە ئامانجی بۆ رێكخستنەوەی كاری میدیایی سەربازی و نەهێشتنی ئەو پەرتەوازییە میدیاییەی كە زیان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەگەینێت، رووماڵی میدیایی دەزگاكانی راگەیاندنی لە بەرەكانی جەنگدا قەدەغەكردووە.

باس لەوەشدەكات، هیچ فەرماندەو پلەدار و پێشمەرگەیەك، رێگەی پێنادرێت، روونكردنەوەو چاوپێكەوتن، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامبدات.

ئەو بڕیارەی وەزیری پێشمەرگە دوای ئەوە دێت، بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن كاتێك لە بەرەكانی جەنگ روماڵی میدیایی دەكەن زۆركات ئەو روماڵەیان چووەتە خزمەتی داعشەوەو زیانی زۆری بە پێشمەرگە گەیاندووە، چونكە لە رێگەی ئەو روماڵەوە بەرنامەو پلانی پێشمەرگەو تواناو هێزی رووبەڕووبونەوەیان بۆ لایەنی بەرانبەر كە داعشە بە تەواوی ئاشكراكراوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوشدا، چەندینجار شارەزاو پسپۆڕانی میدیا هۆشداریان لەوشێوازە روماڵەی بەشێك لە میدیاكان داوە بەوەی كارەكان دژی بەرژەوەندییەكانی پێشمەرگەیەو دەچێتە خزمەتی چەكدارانی داعشەوە، بەڵام زۆركات گوێ بەو داوایانە نەدراوە.

پێشتریش وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم داوایكرد، دەزگاكانی راگەیاندن هیچ جۆرە چالاكییەكی چەكدارانی
داعش بڵاونەكەنەوە، چونكە ئەو كارەیان دەچێتە خزمەتی ئەو گروپەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا