پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، “داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان، لەبەر ئەوەی کاتی هاتنیان ببووە هۆی دروستبونی دوو جەبهە، کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروست کردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یا بریندارکردن یاخود زیانە لە کەلوپەلەکان و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نیە”.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، “ئەگەر باسی هەرێمی کوردستان بکەین، کوردستان ناوچەیەکی ئارامە هیچ جموجۆڵێکی داعش یا هیچ گروپێکی تیرۆریستی تێدا نەبووە، ئەگەر هەشبوبێت ئەوە ڕێگری لێکراوە، بەڵام ئەو شوێنانەی ئێستا داعش بۆتە مەترسی بۆ سەر خەڵکەکەیی و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بنکەکانی هێزەکانی عێراق ئەو شوێنانەن کە پێشتر داعش لێی دەسەڵاتدار بووە”.
وتیشی: “ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی هەیە لە پشتی هێزی عێراق لە بری ئەوەی هێزەکانی عێراق بێن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە بەڵام هاتوون هێڵێکی بەرگرییان بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان داناوە، لە کاتێکدا ئێمە لە عێراقدا سەرۆک کۆمارمان هەیە، وەزیر و پەرلەمانتارمان هەیە کەچی هاتون هێڵی بەرگری بەرامبەر ئێمە دروست دەکەن لەبری ئەوەی بەرامبەر داعش دروستی بکەن”.
سەبارەت بەو مەترسییە گەورانەی باس دەکرێت؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕونیکردەوە، “مەترسی زۆرە، هەرخۆی کە باسی داعش دەکەین بۆ خۆی گەورەترین مەترسییە، ئیتر لە دوای داعش چ مەترسییەکی تر دێتە ئاراوە ئەوە بۆخۆی چاوەڕوانکراوە چونکە ناوچەکە بۆ خۆی هەمووی شەڕە”.
وتیشی: ئەگەر ئێمە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگەی پڕچەککراو و مەشقپێکراو بوینایە هیچ سیمایەکی حیزبایەتی پێوە نەبوایە بێگومان سەرکەوتنی زۆر زۆر گەورەمان بەدەست دەهێنا وە ڕەنگە زۆربەی ئەو مەترسییانەی کە ئەمڕۆ هەیە لەناومان ببردنایە.