كازمی لەرێگەی ئۆپراسیۆنەوە كار بۆ سەپاندنی یاسا دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت لەرێگەی بەردەوامیدان بە ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە میلیشیاو گرپ و تاقمە قاچاخچییەكانەوە كار بۆ گەڕاندنەوەی پایەی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گروپانە بكات، بەتایبەت لەپارێزگاكانی بەسڕەو بەغدادی پایتەخت.

 

لەماوەی چەند مانگی رابردودا، چالاكییە سەربازییەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور ڕوویان لە زیادبوون كرد، هاوكات، هێرشی موشەكی كرایە سەر بەشێك فڕۆكەخانە و بنكەی نێردە دیبلۆماسییەكان و بۆردوومان كران، سەرباری ئەوانەش، رفاندنی عەرەب و بیانی و هاوڵاتیانی عێراق و ئاڵوگۆڕ پێكردنیان لەگەڵ پارە و پێكدادانی خێڵە چەكدارەكان بوونە هۆی دروستكردنی سەرئێشە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق.

لە ڕاپۆرتێكی میدیاكانی عێراقدا هاتووە، “زۆربەی ئەو چالاكییە نەرێنییانە پەیوەندییان بە كاریگەریی ئێران لە ناوخۆی عێراقدا هەیە كە گروپە شیعییەكانی تاران چەك و ماددە هۆشبەرەكان و كاری قاچاخ و رفاندن و مامەڵەكردن قۆرخ دەكەن، ئەوەش بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە بۆ درێژەدان بە چالاكییەكانیان و دڵنیابوون لە ناسەقامگیری باری دۆخی ئاسایشی وڵات بەشێوەیەك بەردەوام پشێوی بۆ دەسەڵات دروست بكات.”

هێزەكانی عێراق بەرەبایەنی ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە، لە بەغدا و بەسڕە كە دوو لە گەورەترین مۆڵگەكانی میلیشیا و تاوانە رێكخراوەكانن، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا چەند داواكراوێكیان دەستگیركردو ژمارەیەك رفێندراویان ئازاد كرد، هاوكات، دەستیان بەسەر چەندین چەك و تەقەمەنیدا گرت.

زۆربەی چالاكی ئەو گروپانە پەیوەندییان بە كاریگەریی ئێران لە ناوخۆی عێراقدا هەیە


لەو بارەیەشەوە، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سەپاندنی پایە و شكۆی دەوڵەت و جێبەجێكردنی یاسا ئەركێكی نیشتیمانییە و ئەو ئۆپراسیۆنانەی دەزگا ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی داواكراوان و دەستگرتن بەسەر چەك و تەقەمەنی بێ مۆڵەت، ئەنجامی ئەرێنی لە شەقامی عێراقدا دەبێت.

لەلایەكی دیكەشەوە، تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، “پێویستە چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت و كەس دەست لە ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان و یاسای وڵاتەكە وەرنەدات، جەختی لەوەش كردەوە هەر كەسێك ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هاوڵاتیان دادگایی دەكرێت.

 

 ئەو ئۆپراسیۆنانەی دەزگا ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی داواكراوان و دەستگرتن بەسەر چەك و تەقەمەنی بێ مۆڵەت، ئەنجامی ئەرێنی لە شەقامی عێراقدا دەبێت

چاودێران پێشبینی دەكەن، ئەو ئۆپراسیۆنانە وردە وردە بەرەو زیادبوون بچێت، تا ئەو كاتەی هێزەكانی عێراق بە ئامادەباشییەكی زیاترەوە ڕووبەڕووی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەبنەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئێستا باس لەوەدەكرێت، ئەو هەوڵانەی مستەفا كازمی بۆ بەزاندنی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران، جۆرێكە لە نمایش و پتەكردنی پێگەی خۆی لەناو هاوڵاتییان و دەسەڵاتدارانی عێراقدا، ئەوەش بەئامانجی بەهێزكردنی پێگەی خۆیی و بەدەستهێنانی دەنگی شەقام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

لە چەند مانگی رابردوودا، ئۆپراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق بە چەند قۆناغێكی جیا بۆ سەر شار و ناوچە جیاجیاكانی عێراق دەستیپێكرد، هاوكات چەندین ئەندامی داعش دەستگیركران و دەست بەسەر زۆریك لە چەك و تەقەمەنییەكانیاندا گیرا و چەندین بنكەی شاراوەشیان خاپوركرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا