فەرماندەیەكی خۆبەخش: بەهۆی كەمتەرخەمی فەرماندەكانەوە پێشمەرگە شەهید دەبێت

پۆڵەتیك پرێس

فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە رایگەیاند، چوار ساڵە چەكدارانی داعش بەخێو دەكرێن و پشتیوانیان دەكرێت و بەهۆی كەمتەرخەمی فەرماندەكانەوە پێشمەرگە شەهید دەبێت.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بە پۆڵەتیك پرێس وت، “ماوەی سێ بۆ چوار ساڵە لە سنوری قەرەچوخ چەندین كێشە هەبووە و نەماندركاندوە، بەڵام ئیتر بێدەنگ نابین لە مانەوەی چەكدارانی داعش لەم ناوچەیە و زانیاریەكانمان داوەتە حزب و وەزارەتی پێشمەرگە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشمەرگە ئازان و دەتوانن ڕوبەڕووی داعش ببنەوە، بەڵام كەمتەرخەمیەكە لە فەرماندەیی و قیادەی كوردە بۆیە پێشمەرگە شەهید دەبێت، چونكە چەكی باشی بە پێشمەرگە نەداوە و پشتیوانی نەكردوە.

دەشڵێت، “فەرماندەكان زۆربەیان خەریكی بازرگانی و كۆمپانیا و خۆ دەوڵەمەندكردنن، لەكاتێكدا فەرماندە دەبێت فەرماندە بێت و لەگەڵ كوڕی فەقیر و هەژار لە پێشەوەی بەرەكانی جەنگدا بێت”.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا غازی فەیسەڵ باس لەوەدەكات، پارتی لە سنوری مەخمور بەرپرسە، بۆیە رەخنەكانیان ئاڕاستەی ئەوان دەكەن، چونكە ئەو هێزەی لەسەر شاخی قەرەچۆخدایە لیوای ١٤ی پارتیە و قبوڵیان نییە هیچ هێزێكی تر لەو ناوچەیە جێگیر بێت، بۆیە پێویستە وەڵامی ڕەخنەكانیان بدەنەوە و چارەسەری كێشەكان بكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک