پارتی و بەخۆداچوونەوە!

پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی هەژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان تووشی تەنگژەیەكی گەورە بووە!

ئاخر پارتی نەباش هەرێمی كوردستانی پێبەڕیوەدەچێ، نە ئامادەشە بەخۆیدابچێتەوە!
ئابووریی هەرێمی كوردستانی داتەپاندووە!
مووچەی فەرمانبەرانی، بەلێبڕینیشەوە، لەكاتی خۆیدا، پێنادرێ و داوای فوول دەوامیشیان لێدەكات!

نوزەی لە خەڵك بڕیوەو لە سەر (نیەت)ی خۆپیشاندانیش دەیانخاتە كونجی زیندانەوە، وەك چۆن ئەوە نزیكەی دوو هەفتەیە هونەرمەند و كادیری یەكێتی شەهرام نامیقیان زیندانی كردووە، نەك لەبەر ئەوەی خۆپیشاندان كرابێ و ئەم بەشداربووبێ، تەنیا لەبەر ئەوەی پارتی پێیانوابووە (نیەت)ی رێكخستن یان بەشداری لە خۆپیشاندانی هەیە!

هەرێمی كوردستان، هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە، خۆی بە هەرێمێكی دیموكرات بە خەڵك و دنیا ناساندووەو پارتی و یەكێتی دامەزرێنەری هەرێمەكەن، پارتیش كە ناوی تەواوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە ناوەكەیەوە دیموكراتبوونی خۆی راگەیاندووە، كەچی لەزەمینەی واقیعی هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەت لە زۆنی بندەسەڵاتی خۆیدا، هەولێر و دهۆك، كە بە زۆنی زەرد ناسراوە، نووزەی لە دیموكراسی بڕیوە!

ئێستا لە سایەی هەژموونی پارتی بەسەر حكومەتی هەرێمدا نەوت دەفرۆشرێ و كەمترین قازانجی بۆ خەڵكە، تەنانەت ناتوانرێ (رەنگە نەشیانەوێ) بەلێبڕینیشەوە موچەی فەرمانبەران دابین بكرێ! ئەمە جگە لەو نەوتەی دەدزرێ و بەتاڵان دەبرێ لەلایەن كەسانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە!

ئابووریی هەرێمی كوردستان لەخراپترین حاڵیدایەو موچەی فەرمانبەران، بەلێبڕینیشەوە ناتوانن مانگانە بیدەن، چاویشیان لەدەستی بەغدایە!

پارتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی خستۆتە خزمەتی كاروباری حزبیی خۆیەوە، خاكی هەرێم، زۆنی زەرد، بەبیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكەوە، پێخوستی سوپای توركیایە و میتی تورك دەتوانێ لە هەرێم خۆپیشاندەریش بگرێ و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكا!

لەناوخۆی خۆشیدا پارتی تەنگژەی هەیە، دوو باڵ، كە نوێنەرایەتیی هەردوو ئامۆزا دەكەن، لەزۆرانێكی تونددان و كەسیان نەیتوانیوەو یەكتر بخەن و لە حزوری بارزانیی باوكیشدا ناتوانن یەكتر بێ هەژموون بكەن، ئەگەرچی ململانێكەیان توند و بەردەوامە!

وادەی بەستنی كۆنگرەی پارتی تێپەڕیوەو بەبیانووی بوونی كۆرۆناو خۆپارێزییەوە، لای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی بەغدا، خۆیان پەڕاندۆتەوە، بەڵام لەزەمینەی واقیعدا، بەستنی كۆنگرەی لا سەختە! چونكە گەورەترین بەربەست بوونی ئەو دوو باڵەیە! ناتوانن لەئەگەری وازهێنانی مەسعود بارزانی نوێنەری كام باڵ ببێ بە سەرۆكی پارتی؟! هیچ كامیان رازی نین جێگری ئەویتریان بن! سیستمی هاوسەرۆكیشیان قبوڵ نییەو پێیان وایە ئەوە سەرۆك لاهورە كە ئەم سیستمەی هێناوەتە ناو سەرۆكایەتیی حزب لە هەرێمی كوردستان، بۆیەش یەكێك لە هۆكارەكانی رقیان لێی ئەمەیە! ململانێكە ئێستا لە دوو ئامۆزاكەوە ئەولاتر چووەو كوڕەكانیشیان بوونەتە بەشێك لەو ململانێیە.

پارتی تاكەی بەم رەوشە خراپەی خۆیەوە دەیەوێ درێژە بە هەژموونی خۆی لە هەرێمی كوردستان بدا؟ هەژموونێك كە بەزەبری هێزی سەركوتكردن و گزی لەكاتی هەڵبژاردندا پارێزراوە!

بەحساب یەكێتی شەریكیەتی لە حوكمڕانیدا، كەچی شەڕێكی سەختی لەناوبردنی یەكێتی دەكا! هیچ لایەنێكی قبوڵ نییە ئەگەر بە پاشكۆیەتیی ئەو مەمنون نەبێ!

ئێستا هەرێمی كوردستان لەناوخۆدا بەدۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێ. كەچی لەڕووی سیاسییەوە هێشتا حسابی بۆ دەكرێ و ماكرۆن بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم دەكا بۆ بەغدا تا بیبینێ! كەچی سەرۆكی هەرێم دوای بینینی ماكرۆن یەكسەر دەچێتە توركیا و ئەردۆگان دەبینێ، لەبەر ئەوەی ناتوانێ بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پابەندبوونە سیاسی و ئابورییەی خۆی بە توركیاوەبێ، تەنانەت ئەگەر قورس لەسەر كوردیش بكەوێ! لەكاتێكدا باش دەزانێ هاتنی ماكرۆن بۆ خستنەسەرپێی پرۆژەی شامی نوێیە، كە نەهێشتنی هەژموونی توركیا لە ناوچەكە یەكێك لە ئامانجەكانیەتی، كە ئەمە دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبندەستی توركیاش دەگرێتەوە!

پارتی پێویستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە!
بەخۆیاندابچنەوە خۆیان پێش خەڵك لەو بەخۆداچوونەوەیە سودمەند دەبن!

بەخۆیاندا نەچنەوە، خۆیان پێش كۆمەڵانی خەڵكی هەرێم زیانمەند دەبن! چونكە دەبێ ئەو راستییە بزانن لەهەرێم هەر ئەوان نین و یەكێتیی ئێستا، لەسایەی سەرۆكایەتیی لاهور شێخ جەنگیدا پاشكۆیەتی قبوڵ ناكا و رازیش نییە هەرێمی كورداستان بخاتە سەر لەپی عفریت!

حەسەن یاسین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا