پۆڵەتیک پرێس:
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، “هێشتا مەترسی داعش زیندووە و پێویستە کێوماڵی ئەو ناوچانە و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکرێت”.
ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “بەداخەوە، دیسانەوە، داعشە تاریكپەرستەكان ھەلێكیان بۆ رەخسا و دەستیان گەیشتە رۆڵەكانی گەلی كورد، لە ئاكامدا؛ حەوت پێشمەرگەمان و سێ ھاوڵاتی كورد شەھید بوون، خوای گەورە لە بەھەشتی بەرین شوێنیان بكاتەوە و سەبوری كەسوكاریان و ئێمەش بدات”.
وتیشی: زۆر بوونی ھێرشەکانی داعشی تیرۆریست لەم ماوەیەدا سەلمێنەری ئەوەن كە؛ جگە لەوەی مەترسیی ئەو گروپە تێرۆریستییە ھەر زیندووە، پێویستیشە كێوماڵ و چاودێری و پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە زیاتر بێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەكەونە نێوان ھێڵی بەرگری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، بەھاوكاری و ھەماھەنگی ھێزە ھاوپەیمانەكانمان”.
جەختی لەوەش کردەوە، “ھاوتەریبیش لەگەڵ ئەوە؛ پێویستە كار بۆ نەھێشتنی فیكری تیرۆریستی بكرێت چونكە تاوەكو ئەو فیكرە بمێنێت، تیرۆریش ھەر دەمێنێت. ھەروەھا پێویستە شانە نووستوەكانیشیان لەڕەگەوە ریشەكێش بكرێن”، وتیشی: دروود بۆ گیانی پاكی شەھیدانی پارێزەرانی خاك و نیشتمان.