پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە رایگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ ناشیرینكردنی پەیەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بۆئەوەی ناوی یەپەگە و یەپەژە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە بەو هۆیەوە پەیەدە تۆمەتبار دەكرێت بە رفاندنی منداڵان، بەپێچەوانەوە ئەوانەی منداڵان دەڕفێنن لە عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپین و سوپای توركیا و هێزەكانی سەربە توركیان.
سلێمان عەرەب ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی دیموكراتی كورد (پەیەدە) بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: ئەو هەواڵانەی باس لە رفاندنی منداڵان دەكەن لەلایەن پەیەدەوە دوورن لە راستییەوە و بۆ ناشیرینكردنی پەیەدە ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەكرێنەوە.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە وتی: لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆئەوەی پەیەدە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە بۆیە شەڕێكی تایبەت بۆ ناشیرینكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەتایبەت ( یەپەگە و یەپەژە) بەڕێوەدەچێت، بۆئەوەی لای هەموانیش روون بێت فەرماندەی گشتی هەسەدە ( مەزڵوم عەبدی) رێككەوتنێكی واژۆكردووە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاراستنی منداڵان، هەروەها لە رۆژئاوای كوردستان نووسینگەی پاراستنی منداڵان دامەزراوە.
وتیشی: لە عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی منداڵان و ژنان ئەشكەنجەدەدرێن و دەڕفێنرێن، ئەمەش لەلایەن سوپای توركیا و هێزەكانی سەربە دەوڵەتی توركیاوە ئەنجام دەدرێت، ئەمە راستی بابەتەكەیە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراتی بۆ هەموو كەس هەیە، لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی سوپای توركیاش داگیركاری و ئەشكەنجە و رفاندن هەیە.
پێشتر میدیاكانی پارتی لە زاری رێكخراوێكی مافی مرۆڤ لە عەفرین بڵاویانكردەوە لە ماوەی رابردوودا 15 منداڵ لە ناوچە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرێتی خۆسەر (پەیەدە) رفێندراون.