پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر كەمبوونەوەی كورسییەكانی رادەگەیەنێت

پۆڵەتیك پرێس

بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ببێتەوە و هەڵوێستی كۆتایی خۆی لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و كەمبوونەوەی كورسییەكانی رابگەیێنێت.

كۆبونەوەكە لە پیرمام بەڕێوەدەچێت و تێیدا ئەو حزبە تاوتوێی دواین گۆڕانكاری و دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن تاوتوێ دەكات بەتایبەت دوای ئەوەی كە كۆمسیۆن ئەنجامەكانی كۆتایی راگەیاند دەركەوت ئەو حزبە دوو كورسی لە دەستداوەو ژمارەی كورسییەكانی لە 33 كورسییەوە بۆ 31 كورسی دابەزین.

پێشترو دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوو كورسی كە مافی یاسایی دوو بەربژێری ئەوان بوون لە پارێزگاكانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون.

راشیگەیاند، دوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو گۆڕانكارییەوە رادەگەیەنن.
كەمبونەوەی كورسییەكانی پارتی بەهۆی ئەو سكاڵایانەوە بوون كە یەكێتی بە خستنەڕووی چەندین بەڵگە لەسەر دوو بازنەی هەولێرو نەینەوا تۆماری كردبوون و دواتر كۆمسیۆن ئەو دوو كورسییەی بۆ یەكێتی گەڕاندەوە.

لەلایەكی دیكەوە رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی رایگەیاند، دوای ئەوەی ناوی كاندیدەكان رەوانەی دادگای فیدڕاڵی كرا ئەوا سكاڵا لەسەر سێ بازنەی هەولێرو نەینەوا تۆمار دەكەن و داوای گەڕاندنەوەی سێ كورسی دەكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک