پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەدوای ئەوەی لیرەی تورکی داڕمانی مێژوویی بەخۆیەوەبینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بڕیاریدا وەزیری دارایی حکومەتەکەی لە کارەکەی دووربخاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەردۆغان نورەدین نەباتی وەک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دیاریکردووە لەدوای ئەوەی لوتفی ئیلڤانی لەکارەکەی دوورخستەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای ئەوەی ئەردۆغان دووپاتی کردەوە پشتیوانی لە نمونەی سیستمی ئابووری نوێی تورکیا دەکات گوایە بەندە لەسەر کەمکردنەوەی قازانج، سەرباری ئەوەی رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە %20، بەهای لیرەی تورکی گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی و لە ئێستادا 100 دۆلار یەکسانە بە 1400 لیرە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ پێشتر بڵاویکردەوە، ئەردۆغان ئەنجومەنی چاودێری حکومی راسپاردووە، کە دەزگایەکی وردبینییە و راپۆرتەکانی راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی، تا ئەو دامودەزگایانە دیاریبکات کە رێژەیەکی زۆری دراوی بیانییان کڕیوە و داواشی لێکردووە لێکۆڵینەوە لەهەر ساختەکارییەک بکات کە کراوە.
لوتفی ئیلڤان، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا و ئەندامی لەمێژینەی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، کەمتر لە ساڵێکە وەزیری داراییە لەدوای ئەوەی شوێنی بیرات بەیرەقی زاوای ئەردۆغانی گرت.