نازم دەباغ: بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار ئێران پشتیوانی یەكێتی دەكات

پۆڵەتیك پرێس

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند، بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، ئێران پشتیوانی لەوە دەكات كە ئەم خولەش پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی بێت.

نازم دەباغ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی باسی لەوەكردووە، پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و حكومەت لای پارتییە، بۆیە ئێران دەیەوێت بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان هەردولادا ئەم خولەش پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆڵی ئێران لەعێراقدا رۆڵێكی مێژوویی هەیە كە لەلایەنە سیاسیەكانی عێراق لەعەرەب و كوردو پێكهاتەكانی تر لەپەیوەندی باشداربوون لەقۆناغەكانی ئەوكاتەی كە دژی رژێمی پێشووی عێراق بوون.

باس لەوەشدەكات، ئێران هەمیشە چاوی لەوەیە كەمترین كێشە لەعێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی عێراق رەنگدانەوەی نەبێت و نەگوازرێتەوە بۆ ئێران، چونكە تێكچونی باری ئەمنی عێراق بەململانێی نێوخۆی كاریگەری دەبێت لەسەر ئێران.

دەشڵێت، “ئێران هەمیشە ئارامی و هاوكاری لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەوێت بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی سەركەوتوو لە عێراق دروست بكەن”.

لە بارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقیشەوە باسی لەوەكردووە، ئێران هیچ رۆڵێكی نابێت لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراقداو ئەگەر زۆرینەی لایەنە شیعەكان پشتیوانی لە كاندیدێك بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەویش پشتیوانی دەكات.

لە ماوەی رابردوداو بەتایبەت دوای ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێك لە بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەدەكرد لەم خولەدا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی دەبێت، لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی یەكێتی سوربونی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە دوپاتكردەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا