حكومەتی هەرێم بۆ رێگریكرن لە هێرشەكانی داعش داوای هەماهەنگی لە بەغدا دەدات

پۆڵەتیك پرێس

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای هەماهەنگی لە حكومەتی عێراق دەكات تاوەكو پێكەوە بۆ نەهێشتنی مەترسییەكانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە بكەن.

بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەدا تاوتوێی هێرش و پەلامارەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە كراوەو تێیدا وەزیری پێشمەرگە چەند پێشنیارێكی خستوەتەڕوو.

ئەوەشهاتووە، حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانان لە پەیوەندیداین بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانەی دەكرێنە سەر پێشمەرگەو داواش لە حكومەتی فیدڕاڵی كرا بۆ برەودان بەهەماهەنگی سەربازیی و ئاسایش لەو بوارە تا ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە ببنەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبونەوەكەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە، تیشكی خستە سەر سەردانیان بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری گەرمیان و ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، ئاماژەی بەوەدا ئەو ناوچانە، بۆشایی ئەمنیان تێدایە، لەم ڕووەوە چەند داواكاریی وپێشنیارێكی پێشكەش كرد بۆ تۆكمەكردنی زیاتری سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییەكان.

ەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت، “ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی وەزیری پێشمەرگە وچارەسەركردنی كەموكوڕییەكان و گرفتەكانی پێشمەرگە كردەوە”.

هاوكات باس لەوەكراوە، بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان، بریتی بووە لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر ئاستی كولێج و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە سەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە لە لایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو، بڕیاردردا لەسەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک