زیاد جەبار: دەروازە هەیە لە هەرێم نەداهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و نەیەك فەرمانبەری حكومی تێدایە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوانەی باس لە نەگەڕانەوەی داهاتی سنوری سلێمانی دەكەن بۆ حكومەت پێویستە باس لەوەش بكەن دەروازە هەیە لە هەرێمی كوردستان یەك دیناری داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت و تەنانەت یەك فەرمانبەری حكومەتی هەرێمیشی تێدانییە.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەموو مانگێك لە كاتی دابەشكردنی مووچە چەند كەسێك قسە دەكەن لەسەر داهاتی سلێمانی، ئەمڕۆ وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە جۆرێك قسەی كرد وەكو ئەوەی قسەكەری بەشێك لە حكومەت نەك وتەبێژی هەموو حكومەتی هەرێم بێت یان وتەبێژی ناوچەیەكی دیاریكراوبێت، وە ئەندام پەرلەمانێكیش هەندێك قسەی كرد، ئەم قسەكردنە لەم كاتانەدا ئامانجدارە و موزایەدەی سیاسیە و بۆ داپۆشینی كێشە گەورەكانی حكومەتی هەرێمە.

پارەی مووچە لە چی دابەش دەكرێت؟

زیاد جەبار بەوردی شیكردەوە كە چۆن پارەی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم دابین دەكرێت و وتی: تایبەت بە فرۆشتنی نەوت رۆژانە بەپێی راپۆرتە باوەڕ پێكراوەكان 460 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت ، سێ‌ رۆژ پێش ئێستا لەسەروو 80 دۆلار نەوت فرۆشراوە، ئێستا مانگانە تەنها 350 ملیۆن دۆلار لە پارەی فرۆشتنی نەوت دەچێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی بۆ مووچە، لەمەش زیاتر هیچ داهاتێكی نەوت بە شێوەیەكی شەفاف خەرج ناكرێت و دیارنییە، وە لەگەڵ ئەو 200 ملیار دینارەی لە بەغداوە دەگات، وە باقیەكەی كە لەدوای ئەمانەوە دەمێنێتەوە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی پێدابین بكرێت، وەزارەتی دارایی بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بانكی منارەی دەكات لە هەولێر و بانكی ئاشتی لە سلێمانی.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، هەموو بانكەكانی هەرێمی كوردستان لە زاخۆ تا پێنجوێن و خانەقین بانكی حكومەتی هەرێمن و مامەڵەكردن بە پارەی ئەم بانكانەوە لە رێی وەزارەتی داراییەوە دەبێت، بۆیە مانگانە ئەو بڕەی كە پێویست دەبێت بۆ تەواوكاری مووچە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی ئاراستەی هەردوو بانكەكەی دەكات بانكی منارە لە هەولێر و بانكی ئاشتی لە سلێمانی.

باسی لەوەشكرد، لێرە و لەوێ‌ قسە لەسەر ئەوەدەكرێت كەمانگانە ئەو بڕەی دیاری دەكرێت بۆ پشتیوانی مووچە واقسە دەكرێت كە ئەمە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجەبێت، نەخێر ئەو بڕە پارەیەی مانگانە دابین دەكرێت بۆ پشتیوانی مووچە بەشێكە لە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە لە مانگی 1 بۆ مانگی 10 ی ئەمساڵ ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ پشتیوانی مووچەی پێكراوە بریتی بووە لە دوو ترلیۆن و 395 ملیار و 760 ملیۆن و 717 هەزار، تەنها لە بانكی ئاشتی سلێمانی یەك ترلیۆن و 31 ملیار و 553 ملیۆن دینار نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ پشتیوانی مووچە، بۆ ئەم مانگەش كە ئەمڕۆ بە نووسراوی وەزارەتی دارایی گەشتووەتە هەردوو بانكی منارە و ئاشتی كە هەریەكەیان بڕێك پارە دەخەنە سەر وەزارەتی دارایی بۆئەوەی پشتیوانی دابین كردنی مووچەی پێبكرێت.
لە نووسراوی ئەمڕۆ داواكراوە بانكی منارە 93 ملیار و 480 ملیۆن دابین بكات و بانكی ئاشتی 70 ملیار و 520 ملیۆن دینار دابین بكات بۆ مووچە، بۆ نمونە ئەمە ئەوە ناگرێتەوە داهاتی سلێمانی 70 ملیاربێت بەڵكو لە داهاتی سلێمانی 70 ملیاری دەڕوات بۆ مووچە.

داهاتی سلێمانی چۆن خەرج دەكرێت؟

زیاد جەبار روونیكردەوە، داهاتی سلێمانی جگە لەوەی پشتیوانی مووچەی پێدەكرێت ، هەموو خەرجی دام و دەزگا حكومییەكان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر داهاتی ئەم دوو پارێزگایە خەرج دەكرێت و هەروەها بەشێكی تری بۆ خەرجی دام و دەزگا سیادییەكانی هەرێم سەرف دەكرێت بەشێكی پرۆژەكانی ئەم دوو پارێزگایە وەكو شەقامی 100 مەتری یان رێگای دەربەندیخان _ كەلار و كەلار _ كفری كە كاریان تێدا دەكرێت لە داهاتی سلێمانی بودجەكەیان دابین دەكرێت، راستە داهاتی ئەم پرۆژانە لە وەزارەتی دارایی دابین دەكرێت، بەڵام من بە نووسراو لامە كە 20 ملیار دابینكراوە بۆ رێگای 100 مەتری بەڵام سەرفكردنی ئەم پارەیە رووبەڕووی بانكی ئاشتی دەكرێتەوە كە لە داهاتی پارێزگای سلێمانییە كەواتە داهاتی سلێمانی ئەوەنییە تەنها بۆ مووچە خەرج بكرێت، ئەو پارەیەی حكومەتی هەرێم كە دەچێتە بانكەكان بەبێ‌ فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كەس بۆی نییە یەك دیناری لێ‌ خەرج بكات.

باسی لەوەشكرد، ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕیاریدا هێز بنێرێت بۆ خاڵە سنوریەكان تەنها هێز بۆ باشماخ رۆشتووە، كوا ئەو هێزە لە برایم خەلیل و حاجی ئۆمەران هەیە دەروازە هەیە لە سنوری هەرێمی كوردستاندا تەواوی داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم و یەك فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی تێدا نیە لە نمونەی دەروازەی وەلید.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا