دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن پەرلەمانی نوێ‌ كەی و چۆن كۆدەبێتەوە؟

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای پەسەندكردن و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە، پێویستە لەماوەی 10 رۆژدا دادگای باڵای فیدراڵی رای خۆی ئاشكرابكات بە پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە، ئەگەر دەرەنجامەكەی پەسەند كرد دوای 15 رۆژ پەرلەمانی نوێ كۆدەبێتەوە.

بەهار مەحمود، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێستا كۆمسیۆن كە دەرەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی پەسەند كردووە لە ماوەی 10 رۆژدا پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی دەرەنجامەكە پەسەندبكات، ئەگەر پەسەندی نەكات ئەوە بابەتێكی دیكەیە بەڵام ئەگەر پەسەندی بكات، لە رۆژی پەسەندكردنەكەوە پەرلەمان لە ماوەی 15 رۆژدا یەكەم دانیشتنی دەبەستێت و لە یەكەم دانیشتندا سەرۆك و هەردوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، لەو دانیشتنەدا پێویستە دەنگ بە كاندیدی سەرۆككۆمار بدرێت، ئەگەر هات و لە یەكەم دانیشتندا كاندیدی سەرۆككۆمار هەڵنەبژێردرێت دانیشتنەكە بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەو كاتەی كاندیدی سەرۆككۆمار هەڵدەبژێردرێت.

بەهار مەحمود وتی: یەكەم كاری سەرۆككۆماری هەڵبژێردراو دوای سوێندخواردنی بریتیە لە راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كە لە ماوەی 30 رۆژدا حكومەتی نوێ پێكبهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە، دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

رۆژی سێشەممە 30_11_2021 دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی راگەیاند.

ژمارەی كورسیی لایەنەكان بەمشێوەیە دەبێت، پارتی 31 كورسی، یەكێتی 18 كورسی، نەوەی نوێ 9 كورسی، یەكگرتوو 4 كورسی و كۆمەڵ یەك كورسی.

هەروەها رەوتی سەدر 73 و هاوپەیمانی تەقەدووم 37 و دەوڵەتی یاسا 33 هاوپەیمانیی فەتح 14 كورسییان بەدەستهێناوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا