وەزیری پێشمەرگە: تۆڵەی پێشمەرگە شەهیدەكانمان دەكەینەوە

پۆڵەتیك پرێس

وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەی لیواكان كۆبوەوەو داوایكرد، چاوكراوەتر و بەپلان و تەكنیكی نوێی جەنگیەوە، روبەڕوی “تیرۆریستان” ببنەوە و تێكیان بشكێنن، راشیگەیاندووە، تۆڵەی پێشمەرگە شەهیدەكانیان دەكەنەوە.

بەپێی راگەیەنراوی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرجەم فەرماندە و جێگری فەرماندەی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبۆوەو رایسپاردن بەتوندی بەرپەرچی چالاكی و پەلامارەكانی داعش بدەنەوە و لە رەگ و ریشەوە هەڵیان بتەكێنن.

ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری پێشمەرگە و ستافی وەزارەت پرسەو سەرەخۆشیان نارد بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە، بەتایبەت ئەوانەی چەند رۆژی رابردوو لە میحوەری گەرمەسێر گیانیان بەخشی.

ئەوەشهاتووە، دواتر وەزیری پێشمەرگە كورتەیەكی لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەكەو مەترسییەكانی داعش و جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی خستەڕوو.

راشیگەیاندووە، وەك لە هۆشدارییەكانی پێشوتریان، بەردەوام جەختیان لەسەر ئامادەسازی هێزەكان كردوەتەوە، لە بەرامبەر پاراستنی سەنگەرەكان لە دوای پەرەسەندنەوەی داعش و زیندووبونەوەی خانە نووستووەكانیان.

بەپێی راگەیەنراوەكە، وەزیری پێشمەرگە وتویەتی، “رێگە نادەین خوێنی ئەو پێشمەرگانەی كە لەچەند رۆژی رابردوو گیانیان بەختكرد بەفیرۆ بڕوات، دەبێت تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە بكرێتەوەو ناوەستین تا بەتەواوی داعش تێكدەشكێنین”.

ئەو پەیامەش دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردودا چەکدارانی داعش پەلاماری خاڵێکی پاسەوانیی هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای (5)ی پیادەیان لە تەپکی (کەڵان) لەسنوری کوڵەجۆ داو بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا