داهاتی دەروازە سنورییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و ئاو ئاشکرادەکرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “مانگی پێشوو داهاتی دەروازەی پەروێزخان 13 ملیار دینار بووە بە گۆڕینی سێ بەڕێوەبەرەوە، لەکاتێکدا پێشتر مانگانە داهاتەکەی 30 ملیار دۆلار بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە دابان محەمەد لە فەیسبووکی خۆی وەڵامی حکومەتی دایەوە و رایگەیاند، “ژمارەی کۆمپانیاکان لە دەروازەکان زیادیکردووە، بیمە ئیختیارییە، بە ئیجباری لە 20 هەزار تا 52 هەزار وەردەگیرێت، خزمەتگوزاری 25 دۆلارە و راگەیاندنی گومرگی یەک ئەیفۆر رۆژانە 22 هەزار دینارە”.

وتیشی: کوالتی کۆنتڕۆڵ لە 25 هەزارەوە بووەتە 120 هەزار، سۆنەر 25 دۆلار و نقل بەری 25 دۆلارە، ترانزێت 50 دۆلارە و موتابەقەی شەهادەت مەنشە لە 700 دۆلارەوە بووەتە 2000 دۆلار.

ئەوەشی ئاشکراکرد، “ژمارەی کۆمپانیاکان و ئەو ڕێگایانەی پارە وەردەگیرێت 23 ڕێگا بەرەوژوورە، واتە بارێک لەدەرەوە بھێنرێت، بە دەیان ڕێگا پارە وەردەگیرێت، داھاتەکەشی بۆ کەرتی تایبەتە، ئەمە بۆ ھەموو دەروازەکان ڕاستە ئیبراھیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان و دەروازە نافەرمیەکان”.

لەبارەی داهاتی مانگی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، “داھاتی مانگی پێشوی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی نۆ ملیار دینار بووە، پێشتر نزیکەی 20 ملیار دینار بەرەوژور بووە، ھۆکاری کەمی داھات نازانرێت، ئەوەندە ھەیە ئەو بڕە پارەیەش خەریکە ڕادەستی کۆمپانیا و کەرتی تایبەت دەکرێت!”.

لەبارەی داهاتی ئاویشەوە وتی: پێشتر و کاتێک فەرمانبەرانی وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاو پارەی ئاویان کۆدەکردەوە، داھاتی ئاو ساڵانە 70 بۆ 80 ملیار دینار بووە، پرۆسەکە درا بە کۆمپانیا، داھات کەمیکردوە  بۆ 30 ملیار دینار ساڵانە، لەگەڵ ئەوەش ھەر ھاوڵاتیەک وەسڵێکی سەرانەی 700 بۆ 800 ھەزار دیناری بۆ ھاتوەتەوە”.

لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد، “ئەوە سێ ڕێگان کە زۆرترین داھاتی لێوە دەستدەخرێت، بەڵام کۆمپانیا وروکاوەتە گیانی خەڵک ‌و حکومەت، ئێستا کەس ھەیە تۆمەتبار بکرێت بەکۆنەکردنەوەی داھات؟ جگە لەحکومەت خۆی؟”.

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک