هەفتەی کۆتایی لاهور جەنگی بورهان.. ئەم هەفتەیە چی ڕوودەدات؟

پۆڵەتیک پرێس:
نزیکەی پێنج مانگ بەسەر گۆڕانکارییە نوێیەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تێدەپەڕێت، گۆڕانکارییەک کە لە هەشتی تەمموزەوە دەستیپێکرد و ئەم هەفتەیە دەگاتە لوتکەی خۆی، لەم ڕاپۆرتەدا زانیاریی ورد لەبارەی هەڵوێستی نوێی یەکێتی سەبارەت بە ئایندەی لاهور جەنگی بورهان و کۆتا ساتەکانی تەمەنی سیاسی ئەو ئاشکرادەکەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە سێ کاتی جیاوازدا پێداگریی خۆی لەسەر بڕیاری دەکردنی لاهور جەنگی بورهان و سیان لە کەسە نزیکەکەکانی ئەو لە یەکێتی نیشاندا.. کۆتا جاریش شەوی یەکشەممە بوو کە وتی “یەک ملیۆن ساڵی دیکەش دەکراوەکان ناگەڕێنەوە نێو یەکێتی).

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەکتەبی سیاسی یەکێتی دواین بڕیاری خۆی لەبارەی لاهور جەنگی بورهانەوە داوە و دوو بژاردە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەخرێتە بەردەمی یەکەمیان ئەوەیە کوردستان جێبهێڵێت، دووەمیشیان ئەگەر دەیەوێت بمێنێتەوە، ئەوا چیتر ڕێگەی پێنادرێت بەناوی یەکێتیەوە قسەبکات و کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵکی بکات، چونکە وەک بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی:”تەواو بوو”.

یەکێتی پلانی خۆی داناوە ئەگەر هاتوو لاهور جەنگی بورهان هەردوو داواکارییەکەی ڕەتکردەوە، ئەوا لەبەرامبەر هەر جوڵەیەکدا، یەکێتی جوڵە و وەڵامی خۆی دەبێت.

لەئێستادا ئەو کەسانەی کە ژمارەیان لە پەنجەی دوو دەست تێپەڕ ناکات و لەگەڵ لاهور جەنگی بورهاندا ماونەتەوە، لە سۆشیاڵ میدیاوە ڕەواجیان بە جوڵەیەک داوە کە ئەویش ئەوەیە داوادەکەن، لاهور جەنگی بورهان خۆی بکشێتەوە، بەڵام ڕاستی بابەتەکە ئەوەی دەیەوێت بەرلەوەی ناچار بە کشانەوەی تەواوەتی بکرێت، وای نیشانبدات کە خۆیەتی کشاوەتەوە، بەڵام وەک کوردەواریی دەڵێت “ئەسڵی مەسەلەکە” هەڵکردنی ئاڵای سپییە لەلایەن لاهور جەنگی بورهانەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی یەکێتی نوێ.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی مەشق و ڕاهێنانی چەکدارەکانی نزیک لەلاهور جەنگی بورهان لەنێو هۆتێل لالەزار، کە خۆیان بۆ دروستکردنی پشێویی لە سلێمانی و دەوروبەری ئامادەکردبوو، ئێستا خەڵکی کوردستان باشتر تێگەیشتوون لە مەسەلەی ورچە بریندارەکە، دەگێڕنەوە ورچ کاتێک بریندار دەبێت و لە گیانەڵاندایە، پەلاماری هەموو شتێک دەدات و ئامادەیە ئاژاوەیەکی گەورە بنێتەوە، تەنیا بە ئامانجی ئەوەی ڕزگاری ببێت، بەڵام مەخابن، تازە ئەو بریندارە و تەمەنی کورتی تەنیا چەند ساتێکە.

وەکچۆن کەسێک کاتێک خەریکە دەخنکێت دەست بۆ چڵە پووشێک دەبات، لاهور جەنگی بورهان و کەسە نزیکەکانی دەستیان بۆ خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان و داوا ڕەواکانیان برد، خەڵکی خۆیان خزاندە نێو خۆپیشاندەرانەوە و کاتێکیش دەقڵیشایەوە، هاوشێوەی چەکدارەکانی تاڵیبان بە ماتۆڕەوە لە شوێنەکە هەڵدەهاتن.

پەیوەست بە گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانی یەکێتی لەم هەفتەیەدا بڕیاری چارەنوسساز لەبارەی نێوخۆی یەکێتی دەدرێت، ئەوانەشی پلانی نانەوەی پشێوییان دابوو، ناوەکانیان لە لیستێکدا ئامادەکراوە و ئەمجارە دەستی یاسایان دەگاتێ.

یەکێتی بڕیاریداوە کۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بهێنێت، هاوکات ئەو لێشاوە لە سەرکردایەتی بۆ ژمارەیەکی حەقیقی کەمبکاتەوە، کە بەڕاستی سەرکردەن و ئامادەن کاربکەن بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و سلێمانی و حزبەکەیان.

لەدوای گۆڕانکارییەکانی هەشتی تەمموز، پەیجەکانی سەر بە لاهور جەنگی ڕەواجیان بە بانگەشەیەک دەدا ئەویش ئەوەبوو، پەیجەکانیان لە فەیسبووک یەک یەک هێرشی دەکرێتەسەر و دەسڕدرێنەوە، بەڵام ڕاستی بابەتەکە ئەوەبوو، ئەوانەی لە لالەزار بوون خۆیان پەیجەکانیان دەسڕیەوە بە ئامانجی ئەوەی سۆزی خەڵکیی بۆخۆیان ڕابکێشن، وەکچۆن ئێستاش دەیانەوێت سۆزی خەڵک بەو کەسانە ڕابکێشن کە یاسا داوایکردون و ئەمڕۆ یان سبەی دەبێت دەستی یاسایان بگاتێ.. ئەوەشی ڕوودەدات تیۆری تەسفیە نیە، بەڵکو دەستی یاسایە بۆ کەسانێک کە ڕۆژانێک دەستدرێژییان دەکردە سەر قوت و کەرامەتی خەڵکیی، دەستی یاسایە و بەهانای ئەو کەسانەوە دەچێت کەپێش هەشتی تەمموز سەرانەیان لێوەردەگیرا و ئەوانیش جگە لە بێدەنگبوون هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەیان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئازادانە ناوی سەرانە وەرگر و ڕێگرەکان دەدەنە یاسا.

دروستکردنی حزبێکی نوێ لەلایەن لاهور جەنگی بورهانەوە دەنگۆیەکە لەدوای گۆڕانکارییەکانی هەشتی تەمموزەوە لە سۆشیاڵ میدیای لالەزارەوە ڕەواجی پێدەدرێت، بەڵام خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بەتایبەت باش لەو ڕاستیە تێگەیشتوون کە ئەگەر لاهور جەنگی بورهان توانای دروستکردنی حزبێکی سیاسی هەبوایە سێ و دووی لێ نەدەکرد.. بەڵام مەخابن ناتوانێت، چونکە وەک عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەڵێت “مجرب لا يجرب” واتا تاقیکراو تاقی ناکرێتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک