ئەگەر رێگەی بەغداشمان لەسەر دابخرێت ئێمە هەولێرمان هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
دوای تیپەڕبوونی ٧٢ سەعات بەسەر سەردانی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسادا، ئەنقەرە بانگێشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد تا بەخێرایی ئەو پەیامە بەفەرەنسا بگەیەنن، كە لەگەڵیاندا كەوتوونەتە كێبڕكێیەكی سەختەوە و كێبڕكێكەیان لەلیبیاوە دەستپێدەكات تا دێتە دەریای ناوەڕاست و لوبنان و دواتر دەگاتە عێراق.

لە ساڵی ٢٠١٧وە نێچیرڤان بارزانی لەو كاتەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتووە بۆ دووەمین جارە سەردانی توركیا بكات و بەپێی میدیا توركییەكانیش كۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی سەعاتێك و ٣٠ خولەكی خایاندووە.

سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیاش كۆبووەتەوەو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەراگەیەندراوێكدا ئەوەیان خستەڕوو، باسمان لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیا و چۆنییەتی پەرەپێدانی زیاتریان لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا تاوتوێكرد و هەردوولا جەختمان لە برەودانی زیاتر بە جموجووڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان كردەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە باسیان لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەری و لێكەوتەكانی بەتایبەتی لەسەر بواری ئابوری لە هەرێمی كوردستان و توركیا كردووە و وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، بە پێشكەشكردن و ناردنی یارمەتی و پێداویستی پزیشكی بۆ رووبەڕوبوونەوەی پەتاكە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە بە بانگێشتكردنی نێچیرڤان بارزانی، توركیا دەكرێت ئەو پەیامە بە فەرەنسا بگەیەنێت، چەند هاوپەیمانێكیان لە عێراقدا هەیە، كە گەرەنتی مانەوەیان لەو وڵاتەدا دەكات، لە ئەگەری پاڵپشتیكردنی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە فەرەنسا.

 

بە بانگێشتكردنی نێچیرڤان بارزانی، توركیا دەكرێت ئەو پەیامە بە فەرەنسا بگەیەنێت، چەند هاوپەیمانێكیان لە عێراقدا هەیە، كە گەرەنتی مانەوەیان لەو وڵاتەدا دەكات

 

لای خۆیشیانەوە، سەركردەكانی كورد لە ماوەی رابردوودا لە دەسەڵاتدارانی عێراق نیگەران بوون، دوای ئەوەی رەتیانكردەوە نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكەن، لەبەرانبەردا ئەوانیش ناردنی بەشە بودجەی هەرێمیان راگرت.

هەروەها تەرخاننەكردنی كات بۆ سەردانیكردنی هەولێر لەلایەن ماكرۆنەوە و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم بووەتە هۆی توڕەبوونی بەرپرسانی كورد، ئەمەش وایكردووە لەگەڵ توركیا بەرژەوەندییەكی هاوبەش كۆیان بكاتەوە، سەرەڕای ئەوەی فەرەنسا بەردەوام بەپاڵپشتی كورد ناوەزەندكراوە.

لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدا ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاند، دەستێوەردانە دەرەكییەكانی دەوڵەتان عێراقیان لاوازكردووەو وتیشی: نامانەوێت چیتر عێراق ببێتە گۆڕەپانی ناكۆكی وڵاتان.

ماكرۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرژەوەندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە هاوكاری عێراق بكات بۆ گێڕانەوەی شكۆ و سەروەرییەكەی، ئاماژەی بەوەشكردبوو، پێویستە بەرپرسانی عێراق سەركردایەتی قۆناغێكی كاتی لە عێراق بكەن بۆ بنیادنانی سەروەرییەكی گرنگ لە ناوچەكە.

سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسای دوایی سەردانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەو وڵاتە هات، كە لە ماوەی شەش هەفتەدا سەردانی بەغدایان كرد، كە فەرەنسا پلانی هەیە دەستوەردانەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم‌و عێراق كەمبكاتەوە.

لایەنێكی دیكەی نیگەرانییەكانی توركیا بەرانبەر جوڵەكانی فەرەنسا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی توركیا دەیەوێت هەژموونی خۆی زیاتر بسەپێنێت لە رووی ئابووری و بازرگانی و زیادكردنی هەناردەكردنی كاڵاكانی خۆی بۆ عێراق.

كاتی سەردانییەكەی نێچیرڤان بارزانی لایەنێكی دیكەی نیگەرانییەكانە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و توركیا لەلایەك و عێراق و توركیا لەلایەكی دیكەوە گرژی تێكەوتووە بەتایبەت دوای ئەوەی توركیا هێرشێكی كردووەتە سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێم بەبێ ئەوەی هەماهەنگیان لەگەڵدا بكات، هەر ئەوەش بووە هۆی گیانلەدەسدانی چەند سەربازێك و هاووڵاتییەك.

لەسەر ئەو بابەتە، هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێكی فەیسبووكدا باسی لەوەكردووە، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا بەكەم سەیركردنی ئەو كەسانەیە، كە بەهۆی هێرشەكانی سوپای توركیا بوونەتە قوربانی‌و شەهید بوون.

 

دەبێت نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانە لەناكاو و حیزبییەكەیەوە روونكردنەوە بدات

 

هۆشیار عەبدوڵڵا وتیشی: دەبێت نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانە لەناكاو و حیزبییەكەیەوە روونكردنەوە بدات، بەتایبەت دوای سەردانی ماكرۆن بۆ بەغدا، كە تێیدا باس لە دەستوەردانە سەربازییەكان و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق كراوە و ئەم سەردانە، كە ئەندامانی شاندەكە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هیچ راگەیەندراوێكی پێش وەختە لەبارەی سەردانەكەوە نەبووە چەند روونكردنەوەیەك هەڵدەگرێت و دەبێت سەرۆكی هەرێم ناوەڕۆك و هۆكارەكانی سەردانەكە رونبكاتەوە.

شاندی یاوەری نێچیرڤان بارزانیش پێكهاتبوو، لە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، كەریم شنگالی بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا راوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، سیاسەتی توركیا، كە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە بەڕێوەدەبرێت بەرانبەر بە كوردانی باشوور جیاوازییەكی نییە لەگەڵ كوردانی پارچەكانی دیكە، كە بە پاڵنەری شۆڤێنییە ناسیۆنالیستەكان بیردەكەنەوە.

هەروەها دەڵێن: توركیا هیچ دوودڵ نییە لەوەی وەك دوژمنێكی ئاشكرا بەرانبەر هەرێم دەربكەوێت، ئەوەش لە رێوشوێنەكانی توركیا دژ بە ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمدا دەركەوت، كە ئەنقەرە هاوشانی بەغدا و تاران بەشێوەیەكی كاریگەر هەوڵی شكستپێهێنانی ئەنجامەكانیدا، هەروەها بەردەوام توركیا لێدوان دەدات لەسەر شاری كەركوك و پێداگرتی دەكات، كە شارێكی كوردی نییە و لەسەر مافی توركمانەكانی ئەو شارە پێداگرە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا