پۆڵەتیک پرێس:
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدا لەبارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناسراوە بە ئۆمیکرۆن.
ئەمڕۆ دووشەممە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، کۆرۆنای ئۆمیکرۆن تایبەتمەندی مەترسیداری هەیە و رێژەی توشبوون بەو گۆڕاوە نوێیە زیاددەکات.
وتیشی: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە، هاوکات داوای لە 194 وڵاتە ئەندامەکەی رێکخراوەکە کرد، پەلە بکەن لە پێدانی ڤاکسین بەو کەسانەی لە هەمووان زیاتر پێویستیانە.
ئەوەشی خستەڕوو، “رەنگە ئەوانەی ڤاکسینیان بەکارهێناوە توشی ئەم گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا ببن تەنانەت ئەگەر بەڕێژەیەکی دیاریکراویش بێت”، داواشی لە وڵاتانی ئەندام کرد، بەپەلە ئاگاداریان بکەنەوە لە یەکەمین حاڵەتەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن.
پێشتریش لەبارەی ئەوەی ئایا پشکنینی PCR دەبێتەهۆی ئاشکراکردنی کۆرۆنای ئۆمیکرۆن، تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، “ئەو جۆرە پشکنینە لە توانایدایە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن ئاشکرابکات و توێژینەوەکانیش بەردەوامن بۆ بەکارهێنانی ئامرازی کاراتر لەپێناو ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن”.