قوباد تاڵەبانی: لە جـیاتی گــوێگرتن لێیان هاتین ڤیدیۆیەكی كۆنمان هێناو خوێندكارانمان پێ تاوانباركرد

پۆڵەتیك پرێس

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بارەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردو رایگەیاند، لە جـیاتی ئەوەی گــوێ لەخوێندكـــاران بگرین هاتین ڤیدیۆیەكی كۆنمان هێناو خوێندكارانمان پێ تاوانباركرد، بۆیە داوای لێبوردنیان لێدەكەین.

قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسی یەکسانی جێندەری ستراتیژیەتی بەھێزکردنی پێگەی ژنان لە ھەرێمی کوردستان وتی، “بەهەزارەها خوێندكار دژی حكومەتەكەی خۆیان رژانە سەر شەقامەكان و داواكارییان هەبوو، كەچی لەبری ئەوەی بچین لە نزیكەوە بیانبینین و گوێیان لێ بگرین، وە هەوڵی هێوركردنەوەیان بدەین، دەچین ڤیدیۆیەكی كۆن دەهێنین و خوێندكاران تۆمەتبار دەكەین بەوەی سوكایەتیان بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان كردووە”.

وتیشی، “ئێمە بەبێ ئەوەی خۆمان ماندوو بكەین و بەدوای راستی ئەو ڤیدیۆیەدا بگەڕێین هێندەی تر خوێندكاران توڕە دەكەین و ئەو هەڵەیە بەسەرماندا رۆشت، بۆیەئ ێستا بچوكترین شت كە بەرانبەر خوێندكاران بیكەین ئەوەیە داوای لێبوردنیان لێ بكەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، خوێندكاران لە ئەوان زیاتر شانازییان بە ئاڵای كوردستانەوە كردووە.

لە چەند رۆژی رابردوداو لە ساتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی خوێندكاران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە تێیدا دەردەكەوێت لە شەقامێكدا ئۆتۆمبێل بەسەر ئاڵای كوردستاندا دەڕوات.

ئەو دیمەنە بوەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ئاستی باڵا بێتە دەنگ و داوای بە سزاگەیاندنی ئەو كەسانە بكات كە بەو كارە هەستاون.

دواتر هەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو دیمەنە هی ساڵانی رابردوەو پەیوەندی بەخۆپیشاندانەكانی ئەمساڵەوە نییە، ئەوەش رونكرابوەوە ئەو ئاڵای هی زانكۆی ئەمریكی بووە لە سلێمانی و بەهۆی رەشەبای بەهێزەوە كەوتووە، بۆیە ئەو خوێندكارانەی كە لە دیمەنەكانی ڤیدیۆكەدا دەركەوتوون سەرقاڵی ئەوەن ئاڵاكە كۆبكەنەوەو بیخەنەوە شوێنی خۆی.

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک