پۆڵەتیک پرێس:
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، “تەنیا ئەمریکا دەتوانێت چارەسەری دۆسیەی کورد بکات و پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بکات”. مەزڵوم کۆبانێ بەنیازە وەک چۆن پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای لەمە ئاگادارکردەوە، ئاواش جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە ئاگاداربکاتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گۆڤاری “زە ناشناڵ ئینترێست”ی ئەمریکی مەڵوم کۆبانێ وتی: دۆسیەی کوردانی تورکیا کاریگەری لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان دادەنێت، چونکە کوردەکان لە هەر کوێیەک بن، سەرجەم کێشەکانیان پەیوەستن بەیەکەوە و بەیەکەوە گرێدراون.
لە درێژەی قسەکانیدا مەزڵوم کۆبانێ باسی لەوەکرد، “بەشێک لە شارە کوردییەکان کراون بە دوو بەشەوە، دەتوانین بە ڕوونی ئەمە لەسەر سنوورەکان ببینین، بەنمونە شاری کوردی هەیە، هێڵی ئاسنین بە ناوەڕاستیدا دەڕوات و بووە بە دوو بەشەوە، بەڵام هێشتا پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هۆزەکی لەنێوان کوردانی هەردوو بەشەکە بوونی هەیە”.
“دەوڵەتی تورکیا هەمیشە دوژمنی کورد بووە”
رۆژنامە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، “ئەمە ڕاستییەکی جوگرافییە کە راستییەکی سیاسی لەپشتەوەیە”، مەزڵوم کۆبانێ لەمبارەیەوە دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا هەمیشە دوژمنی کورد بووە، بۆیە کاتێک لە تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردەکان، وەک ئەوە وایە هێرش بکاتەسەر کوردەکانی ئێرەش.
بەپێی قسەکانی مەزڵوم کۆبانێ، “لە تورکیا ناکۆکی و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئەو کوردانەی لەپێناو مافەکانیان دەجەنگن و دەوڵەتی تورکیا بەردەوامی هەیە، کاتێکیش تورکیا توڕە دەبێت، دەست دەکات بە هێرشکردنەسەر کوردەکانی ئەمبەرەی سنوور، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی 2018 و سەرێ کانێ کرد لە ساڵی 2019 لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکیا.
لە درێژەی قسەکانیدا فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەوەی خستەڕوو، “لەژێر سێبەری ئەم دۆخەی کە هەیە، زۆر سەختە تورکیا بتوانێت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دروستبکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا یەک دەرچە بوونی هەیە”، لەمبارەیەوە وتی: کاتێک لە ساڵی 2013 تا 2016 کورد و دەوڵەتی تورکیا پڕۆسەی ئاشتی و ئاگربەستیان راگەیاند، ئێمەی کوردانی رۆژئاوا پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا باش بوو، سیاسییەکانمان سەردانی تورکیایان دەکرد و لەگەڵ بەرپرسەکانیان کۆدەبوونەوە”.
“تەنیا ئەمریکا دەتوانێت چارەسەری کێشەی کورد و تورک بکات”
لێرەوە مەزڵوم کۆبانێ ئاماژە بە دەرچەکە دەکات و پێیوایە، “ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاربخاتەسەر تورکیا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و هەوڵی راگرتنی گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی ئاشتی و گەڕانەوە بۆسەر مێزی دانوستانەکان بدات و جارێکی دیکە دەست بە دیالۆگەکان بکاتەوە لەگەڵ کوردەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە تورکیا، وای بۆدەچێت تاکە رێگا بێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کورد لە تورکیا”.
کاتێک لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا دەتوانێت لەڕێی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ هەریەکە لە کورد و تورک و سورییەکان، پڕۆسەی ئاشتی و ئاگربەست بەدیبێنێت، مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەکرد، “بەدڵنیاییەوە ئێمە بڕوامان بەمەیە، بەدریاریکراویش، ئێمە پێمانوایە تەنیا ئەمریکا دەتوانێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، چونکە ئەو مامەڵە لەگەڵ ئێمە و ئەوانیشدا دەکات”.
مەزڵوم کۆبانێ وتی: هەمان ڕستەم بە دۆناڵد ترەمپ وتووە، ئاگادارمکردووەتەوە لەوەی تەنیا ئەمریکا دەتوانێت چارەسەری کێشەی کورد و تورک بکات، دەبێت ئەمریکا بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بکات و هەمان یاداشت دەگەیەنمە دەستی ئیدارەی بایدنیش.
لەکۆتاییدا گۆڤارەکە باس لەوە دەکات، بەپێی قسەکانی مەزڵوم کۆبانێ لە هەموو کات زیاتر ئاشکرایە، ئاشتی و دیموکراسیەت تەنیا چارەسەرن بۆ دەرچوون لەو قەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی بەهۆی سیاسەتی تورکیا دژ بە کوردەکان دروستبوون، ئەوەش هاتووە، “ئەو قەیرانانە دەبنە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنن لە هەموو بەشەکانی ناوچەکە”.