پۆڵەتیک پرێس:
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆخی کارەبا باشتر دەبێت و ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا 3400 بۆ 3500 مێگاواتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، خواست لەسەر کارەبا پێنج هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە و بە ساردبوونی کەشوهەوا چاوەڕێی زیاتربوونی دەکرێت.
ئەوەش هاتووە، “لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لە ناوچە ساردەکان نزیکەی 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبا دراوە و لە ناوچە گەرمەکانیش زیاتر لە 14 بۆ 15 کاتژمێر کارەبا دراوە، بەتێکڕاش 14 کاتژمێر کارەبا دراوە”.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەمڕۆ یەکەیەکی وەبەرهێنانی وێستگەی 300 مێگاواتی خەبات دەگەڕێتەوە و یەکەی دووەمیش لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە، هاوکات، یەکەی وێستگەی گازی گەرمیانیش ئەمڕۆ تا سبەی دەگەڕێتەوە”.
باس لەوەش کراوە، “لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی هێڵی تورکیا و قۆناخی یەکەمی هێڵی شەقلاوە-سۆران تەواو بووە و دوێنێ زیاتر لە 200 مێگاوات کارەبا بۆ سۆران گواستراوەتەوە کە پێشتر توانای 150 بۆ 160 مێگاوات کارەبای هەبوو”.