پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ماوەی سێ رۆژە پێنج زیندانی بادینان كە خەڵكی شیلادزێن و گوهدار زێباری و ژمارەیەك زیندانی تر دەستیان بە مانگرتن كردووە و دۆخی تەندروستییان باش نییە.
ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان راگەیەندراوێكی لە زاری زیندانییەكانەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دوای نزیكەی ساڵێك لە رفاندنیان بە شێوازێكی نا شارستانی و نایاسایی، پێنج كەس لە زیندانیانی بادینان كە خەڵكی شیلادزێن و لەگەڵ گوهدار زێباری و چەند زیندانیەكی دیكەدا ماوەی سێ رۆژە دەستیان بە مانگرتن كردوە لە خواردن و دۆخیان باش نیە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە سەرەتای رفاندنمان لە لایەن هێزە ئەمنیەكانەوە زۆر بە توندی ئەشكەنجدراوین (دوو پەنجەی ئەمجەد رێكانی كە وەكو هێمای ئازادی لە رەسمەكان بەرزدەكردنەوە شكێنراون) و لەژێر هەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر هەندێك تاوان پێ كردوین و ڤیدیۆ كراوین و بڵاویشدەكەنەوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، جگە لەوەش رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەكرێت و لە كاتی لێكوڵینەوەدا گشت وتە و ئیفادەكانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا كردوین كە نەمان زانیوە چی نوسراوە.
ئەوەشخراوەتە ڕوو لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین و داواكارین لە UN، رێكخراوە ناوخۆ و جیهانیەكانی مافی مرۆڤ، میدیاكان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەكان و گشت خەڵكی كوردستان فریامان كەون و دۆخمان زۆر خراپە .
زیندانییەكان داوادەكەن بە زووترین كات رێگە بدەن چاویان بە پارێزەرەكانیان بكەوێت و رۆژی دادگاییكردنیان دیاری بكرێت.
هاوكات داوادەكەن لە ئاساشی گشتیەوە بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی گەوران لە هەولێر یان دهۆك.