كام سیستەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گونجاوە؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ساڵی داهاتوو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەگەر چی تا ئێستا دیارنییە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی ئەنجام دەدرێت یان نا، بەڵام هەندێك بابەت گفتوگۆ و مشت و مڕی خستووەتە ناو پەرلەمانتارانەوە كە گرنگترینیان بریتیە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كە ئایا هەر ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا هەیە كارا بكرێتەوە یان دەستەیەكی نوێ‌ پێكبهێنرێت، هەردوو بابەتەكەش ( هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كارا كردنەوە یان گۆڕینی ستافی كۆمسیۆن پێویستیان بەوە هەیە لە پەرلەمانەوە دەنگیان لەسەر بدرێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، راوبۆچوونەكان بۆ سیستمی هەڵبژاردنەكە دابەش بوون بەسەر سێ‌ ئاراستەدا.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بە شێوەی یەك بازنە بووە، لە خولی سێ‌ لایەنێكی سیاسی پێی باش بوو بكرێت بە كراوە، كە ئێستا هەر ئەو لایەنە پەشیمانە كە بەم شێوازە هەڵبژاردن بكرێت، سێ‌ رای جیاواز هەیە رایەكیان پێی وایە كە نیمچە كراوەی داخراوبێت، رایەكیش پێی باشە داخراوبێت، رایەكیش هەیە پێی باشە كراوەی تەواو بێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی وتی: لە رووی دیموكراسییەوە من پێم وایە كراوەی تەواو باشتربێت هەم بۆ ئەو خەڵكانەی جەماوەریان هەیە و دەتوانن جەماوەرەكەیان بەكاربهێنن، لایەنێكی سلبیشی هەیە ئەوەیە كە هەندێكجار رەنگە نەتوانیت پسپۆڕییە پێویستییەكانی پەرلەمان بە دەست بهێنیت لە هەڵبژاردن، بەشێوەی داخراویش كێشەیەكی هەیە لەوانەیە بەرپرسەباڵاكانی ناو حزب كەسە نزیكەكانی خۆیان لەسەرووی لیستی كاندیدانی حزبەكەوە دابنێن لایەنێكی باشیشی هەیە كە ئەوەیە رەنگە حزبەكان كە سانی پسپۆڕ كاندید بكەن ئەو كاتە پەرلەمانێكی بەهێز دەبێت.

لە 30_9_2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی یاسای هەڵبژاردن لە 30_9_2022 ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دێت و پێویستە هەڵبژاردنی خولی نوێ‌ ئەنجام بدرێت.

ئەرشەد حسێن، پەرلەمانتاری پارتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بە رای من كوردستان یەك بازنەبێت، ئەمەش بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان باشترە و بەڵگەیە لەسەر یەكگرتووی هەرێمی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: ئەگەر ئەم ماوەیە پەرلەمان بەكاری خۆی هەستێت و هیچ گرژییەك دروست نەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆی ئەنجام دەدرێت، چونكە ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە پەرلەمان دەیكات ئەگەر متمانە بدرێتەوە بە كۆمسیۆن یان پەیكەرەی كۆمسیۆن بگۆڕدرێت هەر دەبێت پەرلەمان بیكات، ئەم كارانەش كەوتوونەتەوە سەر بارودۆخی سیاسی، بارودۆخەكە بڕیار لەسەر گۆڕانكاریەكان دەدات، بەڵام ئێمە وەكو پارتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن.

شارەزایەكی هەڵبژاردنیش پێی باشە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بكرێتە فرە بازنە.

پشتیوان ئەحمەد شارەزای هەڵبژاردن بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بۆ پاراستنی دادگەری جوگرافی نوێنەرایەتی؛ پێویستە هاوشێوەی دابەشكاری بازنەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێمی كوردستانیش بكرێت بە فرەبازنە، لە ئەگەری جێبەجێ نەكردنی فرە بازنەیی تەواو، ئەوا هەرێم بكرێت بە چوار بازنە، واتا هەر پارێزگایەك بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن.

روونیشیكردەوە، یەك بازنەیی وڵات یاخود هەرێم و ناوچەكان لەجیهانی دیموكراسی كۆتایی هاتوە، بۆئەوەی هەر ناوچەیە و نوێنەرێك یاخود چەند نوێنەرێكی ڕاستەوخۆی خۆی هەبێت، فرە بازنە باشترین میكانزمی دابەشكارییە.
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن ئەوەی خستەڕوو، لە یەك بازنەیی تەواو، نا عەدالەتی نوێنەرایەتی بەدیدەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە دەتوانرێت ناوچەیەك ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تەواو بگۆڕێت لەبەرژەوەندی لیستێك یاخود حیزبێت بۆنمونە؛ هەرچەند ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای دهۆك كەمترە لە هەریەك پارێزگای هەولێر و سلێمانی، بەڵام بەنزیكەیی نیوەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێكدێنێت، ئەمەش ناعەدالەتی گەورە بەدیدەكرێت لەنوێنەرایەتیكردندا.

تا ئێستا هێز و لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەگەشتوونەتە كۆدەنگییەك لەبارەی ئەو خاڵانەی ناكۆكییان لەسەرە بەتایبەتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوە یان گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بە رای چاودێران یەكلایی نەكردنەوەی ئەم بابەتانەش رەنگە ببێتە هۆی دواكەوتنی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆییدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا