فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا هەڵوێست رادەگەیەنێت

پۆڵەتیك پرێس:
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەچەند سەعاتی داهاتوو، هەڵوێست لەسەر رووداوەكانی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەی رادەگەیەنێت‌و ئەگەر هەیە فراكسیۆنەكە چیتر بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان جێبەجێنەكات.

رۆژی شەممە 5ی ئەیلوول كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی كوردستان بەرێوەچوو، كە لەكۆبوونەوەكە گرژی لەنێوان غالب محەمەد نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق ‌و تیمی گۆڕان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بوو.

سەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی وردەكاری گرژییەكانی كۆبوونەوەكەی بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكراكردو وتی: لەكۆبوونەوەكە غالب محەمەد داوای كشانەوەی گۆڕانی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووەو تیمی حكومی گۆڕانیش بەتوندی وەڵامیان داوەتەوە.

سەرچاوەكە وتیشی: لەبەرانبەر ئەوەدا، غالب محەمەد وەڵامی تیمەكەی داوەتەوەو باسی لەوە كردووە، كە ئەوان بوونەتە هۆكاری ئەوەی گۆڕان لەناو خەڵكدا بەلاوازی دەربكەوێت‌و رۆژ بەرۆژ رووبەڕووی شكستی بكەنەوە.

ماوەی رابردوو فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تێدا داوای كرد، كە بزووتنەوەكەیان لەحكومەت بكشێتەوە، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی تریان دەبێت.

لەبارەی هەڵوێستی فراكسیۆنەكە، پۆڵەتیك پرێس پەیوەندی كرد بەئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق‌و بەمەرجی ئەوەی ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، چەند زانیارییەكی لەبارەی هەڵوێستی داهاتوویان ئاشكراكرد.

ئەو ئەندامەی گۆڕان لەمیانی لێدوانەكەی وتی: غالب محەمەد وەك نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووەو ئامانجیش لەبەشدارییەكەی ئەوە بووە، پەیامی فراكسیۆن بگەیەنێت بەجڤاتی نیشتمانی.

هەروەها وتیشی: دیارە جڤاتی نیشتمانی‌و بەرپرسانی گۆڕان ئامادەنین گوێبگرن، بۆیە بەدڵنیایی لەماوەی چەند سەعاتی داهاتوو فراكسیۆنی گۆڕان هەڵوێستی دەبێت‌و رەنگە هەڵوێستەكەش ئەوە بێت، كە چیتر پابەندی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نەبن.

گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق خاوەنی 5 كورسییەو لەپەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی 12 كورسییە، كە لەناو پەرلەمانتارانی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستانیش دەنگی ناڕازی هەیەو ئەو دەنگە ناڕازییانەش داوای كشانەوە لەحكومەت دەكەن.

هاوكات غالب محەمەد لەمیانی پۆستێك لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: ئەوەی لەكۆبوونەوەی جڤات ڕوویدا كێشەیەكی بچوكی نێوان بەندەو گروپی بەرژەوەندیخوازی گۆڕان نەبووە لەحكومەت، بەڵكو كێشەی سەرەكی بووە لەپێناو ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

هەروەها نووسیویەتی: بەندە بەنوێنەرایەتی فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغداد بەشداربووم، بۆیە شەڕێكی شەخسی نەبوو، داوام كرد چیتر ئەو گروپە بەردەوام نەبن لەم حكومەتە شكستخواردووە، كە بووەتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری بۆخەڵكی هەرێمی كوردستان و خەریكی مكیاج كردنن بۆ دەسەڵات دەیانەوێت فراكسیۆنی گۆڕانیش لەبەغداد هاوشێوەی خۆیان لێبكەن و خۆیان و نەوەكانیان وەك شا بژین و ملی هاووڵاتیان بخەنەژێر چەقۆی دەسەڵات.

باسی لەوەش كرد، ئاڵۆزی كۆبوونەوەكە لەوەوە دروست بوو، چونكە ئەوان نایەنەوێت دەستبەرداری كورسی و بەرژەوندی ببن لای ئێمەش ئەمە قبووڵ نییە، لەئێستادا دەگەڕێمەوە بەغداد و لەگەڵ هاوڕێیانم لەبەغداد كۆبوونەو لەو بارەیەوە ئەنجام ددەین و هەڵوێستی جدیمان دەبێت‌و دوا بریار لە گەڵ هاوڕیاندا دەدەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا