لە هەولێر ژمارەیەكی زۆر خوێندكار رفێنران

پۆڵەتیك پرێس

پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرایدەكات، لە هەولێر ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكارانی خۆپیشاندەر رفێنراون.

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووەو دەڵێت، “بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئێستا هێزێكی ئەمنی زۆر بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش ژمارەیەكی زۆر قوتابیان ڕفاندوە لە نزیك وەزارەتی خوێندنی باڵا”.

دەشڵێت، “ئەو هێزە ئازاری ڕۆژنامەنوسان دەدەن ئێوە بەرپرسن لەم دۆخە”.

ئەمرۆ پێنج شەمە جارێكی دیكە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەولێر بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دەرماڵە بۆیان، لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستیان بەخۆپیشاندان كرد.

پەیامنێری پۆڵەتیك پرێس ئەوەی ڕاگەیاند، بۆ سێیەم ڕۆژ خۆپێشاندانی خوێندكاران لە هەولێر بەردەوامی هەیە و هێزێكی زۆر لە شاری هەولێر بڵاوەیپێكراوەو رێگە بە خوێندكاران نادرێت لە شەقامەكە تێپەڕن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەك لەو خوێندكارانەی دەستگیركراون تا ئێستاش بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە.

ماوەی پێنج ڕۆژە خۆپیشاندانی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەكانیان كە لە ساڵی ٢٠١٤ كۆتایی پێهاتووە بەردەوامی هەیە.

بەوتەی خۆپیشاندەران تا وەڵامی داواكاریەكەیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک