لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چی ڕوویدا؟

پۆڵەتیک پرێس:
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران دژی ئەوەبووە دەرماڵە بۆ خوێندکاران خەرجبکرێت، پۆڵەتیک زانیاریی نەبیستراو لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پۆڵەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند، “سەرەڕای فشارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خەرجکردنی دەرماڵە بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تەنیا ئەو پێنج ملیار دینارە خەرجدەکرێت، کە بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان و پێدانی بڕێک پارە بە خوێندکارە کەمدەرامەتەکان بڕیاری لێدراوە”.

بەگوێرەی وتەی ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ پۆڵەتیک پرێس کرد، مەسرور بارزانی دژی ئەوە بووە داواکاریی خۆپیشاندەران جێبەجێبکرێت و وتویەتی “ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ بڕیار بدەین دەرماڵەکانیان بۆ خەرج بکەین، ئەوا سبەینێ چینێکی دیکە خۆپیشاندان دەکات و دەبێت داواکاریی ئەوانیش جێبەجێ بکەین”.

هەر بەوتەی سەرچاوەکەی پۆڵەتیک پرێس، هۆکاری خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکاران سەرۆک وەزیرانی هەرێم بووە و وتی:”وەزیری ناوخۆ لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی باسی لەوەکردووە، دەستی لایەنێکی تێکدەر لە خۆپیشاندانەکەدایە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کورسی بەدەستنەهێناوە”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک