پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەوانەی سوكایەتیان بە ئاڵای كوردستان كرد دەدرێنە دادگا، راشیگەیاند، لە خۆپیشاندانی ئێستای خوێندكاراندا هەندێك كەس بەمەبەست خراونەتە ناو خۆپیشاندەرانەوەو دەبێت رێگریان لێ بكرێت.
جوتیار عادل دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا حكومەت بڕیاریدا پشتیوانی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بكات بۆ باشكردنی دۆخی بەشە ناوخۆیی و خوێندكاران.
لە بارەی خۆپیشاندانەكانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، خۆپیشاندان مافێكی هەموو كەسێكە، بەڵام سوكایەتیكردن بە رەمزو سەروەری هەرێم نەخوازراوەو جێگەی قبوڵكردن نییە.
وتیشی، “بەداخەوە لە سلێمانی چەند كەسێكی سەرەڕۆ سوكایەتی و بێڕێزیان بە ئاڵای هەرێمی كوردستان كرد، ئەوە جێگەی قوبڵكردن نییە ئەوە ئاڵای هیچ حزب و لایەنێك نییەو داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین ئەو كەسانە راپێچی دادگا بكەن و بەسزای خۆیان بگەن”.
راشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان وخوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توندوتیژی، لە هەمانکاتدا،بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم کرا.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەن.
لە بارەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پاڵپشتییە داراییەی كە حكومەتی هەرێم بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای تەرخانكردووە، وتی، “قسەی ئێمە روونە ئەوەی دابینكراوە پاڵپشتی داراییەو تەواو، وردەكاری ئەو بابەتەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و لیژنەیەكی پەیوەندیدارەوە كاری لەسەر دەكرێت”.