دەنگۆ هەیە كازمی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم خەرجبكات

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی عێراق قەرزاری نزیكەی ٢٠٠ هەزار جوتیاری هەرێمی كوردستانەو دەنگۆ هەیە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق شایستە داراییەكانی جوتیاران خەرج بكات.

قەرزاری حكومەتی عێراق پەیوەندی بەكڕینەوەی گەنمی جوتیاران هەیە، كە بۆ ساڵەكانی 2014و 2015و 2016 دەگەڕێتەوە، ئێستا هەوڵێك هەیە ئەو پارە لەلایەن حكومەتی مستەفا كازمی خەرج بكرێت.

لەو بارەوە سەفین گەردی، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان بە “پۆڵەتیك پرێس”ی راگەیاند، وەك لیژنەی كشتوكاڵ یاداشتێكمان دابووە سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی گفتوگۆ لەسەر شایستە داراییەكانی جوتیاران بكات.

سەفین گەردی راشیگەیاند، وەك دیارە گفتوگۆكان ئەنجامێكی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا نازانین ئاخۆ پارەكە دەنێرێت یاخود تەنیا هەر قسەیە.

بڕیارە رۆژی یەك شەممە شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، سەردانی بەغدا بكەن، كە یەكێك لەتەوەرەكانی كێشەكان پرسی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم دەبێت.

لەو بارەوە ئەندامەكەی لیژنەی پەرلەمانی كوردستان وتی: شاندی حكومەتی هەرێم، كە سەردانی بەغدا دەكەن بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، لەكۆبوونەوەكانیان شایستە داراییەكانی جوتیاران لەگەڵ لایەنی عێراقی تاوتوێدەكەن، كە رەنگە ئەوە كێشەكە بەرەو چارەسەر بەرێت.

حكومەتی عێراق شایستە داراییەكانی ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ی جوتیارانی هەرێمی نەداوە، كە بڕەكەی بە ٥٥٦ ملیار دینارەو ئەو پارەش قەرزی 200 هەزار جوتیارە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا