ئاسایشی سلێمانی: چەند کەسێک چونەتە نێو خۆپیشاندەرانەوە و پەلاماری هێزە ئەمنیەکانیان داوە

پۆڵەتیک پرێس:
ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ” بە‌داخە‌وە‌ چەند کەس و لایەنێک بۆ مەرامی سیاسی نارەوای خۆیان لەرێی چەند کەسێکی گومان لێکراوەوە هەوڵیاندا ئاراستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندکاران بەلارێدا بەرن”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە “لەکاتێکدا خوێندکاران وەک مافێکی رەوای خۆیان خۆپیشاندانیان ئە‌نجامدا بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواکاریەک و هێزە ئەمنییە‌كانیش وە‌ك ھە‌میشە‌ ئە‌ركی سە‌رشانی خۆیان جێبە‌جێ دە‌كرد لە پارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران، بە‌داخە‌وە‌ چەند کەس و لایەنێک بۆ مەرامی سیاسی نارەوای خۆیان لەرێی چەند کەسێکی گومان لێکراوەوە هەوڵیاندا ئاراستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندکاران بەلارێدا بەرن بەرەو توندو تیژی و تێکدانی ئارامی شاری سلێمانی لە رێگەی پەلاماردانی بارەگا حکومی و حیزبیەکان و رێگری و ئاستەنگ درووست کردن بۆ هاتووچۆی هاولاتیان و پەلاماردان و ئازاردانی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان و سوکایەتی كردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا چەند کەسێک بەشێوەی بەرنامە دارێژراو پەلاماری مەفرەزەیەکی ئەمنی دەدەن و لە کاردانەوەی بەرگریکردن لەخۆو دەست گیرکردنی کەسەکان، جێگەی داخە کارمەندێک کاردانەوەی توندی دەبێت و ئازاری یەکێک لەو کەسانە دەدات.‌ ئێمە‌ وەک بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەکاتێکدا دووپاتی دە‌كە‌ینە‌وە‌ بەردەوامین لەسەر بە‌رپاكردنی ئاسایش بۆ سەرجەم هاولاتیان بە خۆپیشاندەرانیشەوە، لەهەمان کاتدا نیگەرانی خۆمان دەردەبرین بەرامبەر هەموو توندوتیژیەک”.

ئاماژە بەوەشدراوە “ھە‌رلێرەشە‌وە‌ بە‌ سەرجەم ھاوڵاتییانی شارەکەمان رادەگەیەنین؛ سەبارەت بە رەفتاری ئەو کارمەندە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتیمان دەست بەجێ هەستا بە دەستبەسەر کردن و ئەنجامدانی کاری یاسایی لەگەڵ ئە‌و كە‌سە‌، وەلێرەوە رایدەگەیەنین وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕێگە بە هیچ ئەفسەرو کارمەندێک نادرێت کاردانەوەی توند و دوور لە یاسا لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن. ھە‌روە‌ھا ئاگاداری خوێندکاران دەکەین كە‌ ئێمە‌ پاڵپشت و پشتیوانی داوا رەواکانیانین و لەهەمان کاتدا داواکارین خوێندكارانی خۆشە‌ویست زیاتر چاوکراوەو بەئاگابن و ڕێگە نەدەن کەسانێک بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان داواو خواستی خوێندکاران بقۆزنەوە و ئاراستەی خۆپیشاندانی هێمنانەیان بگۆرن بۆ ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی شاری سلێمانی و سەرجەم هاولاتیان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا