پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و پرسی داواکاری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و بارودۆخی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلاڕوس و پۆڵەندا تاوتوێ بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: خستنەڕووی دوو بابەت لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:
-پوختەی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتکەی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن سازدرابوو.
-پێشهاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ دایەلۆگی هێمنانە لە بەرژەوەندی گشتیی وڵات، دوور لە توندوتيژى و کەوتنەوەى قوربانى.
دووەم: بابەتى خۆپیشاندانەکانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان و دوا پێشهات و لێکەوتەکانی ئەو خۆپێشاندانانە و ئەرکی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە.
سێیەم: خستنەڕووی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان له سنوورەکانی بیلاڕووس – پۆڵەندا و گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: میوانداریکردنی عەبدولڕەحمان سەدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان و دەنگدان لەسەر پەیڕەوی تایبەت بە كۆنتڕۆلکردنی مەواد و کەرەستەکانی کاریگەر لەسەر چینی ئۆزۆن.
پێنجەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی و هەوڵەکانی وەزارەتیان لەبواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.