خوێندنی ئەلیكترۆنی رووبەڕووی رەخنەی توند دەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس – نازە سەعید

بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی پرۆسەی خوێندن رووبەڕووی رەخنەی هاوڵاتیان و شارەزایانی پەروەردەیی دەبێتەوەو باس لەوەدەكرێت پێشوەختە ئامادەكاری تەواو بۆ جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی بڕیارەكە نەكراوە.

رۆژی دووی ئەم مانگە لەكۆبونەوەیەكدا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا جگە لە پۆلی 12، خوێندن لەكۆرسی یەكەمی قۆناغەكانی دیكەی خوێندندا بكات بە ئەلیكترۆنی، ئەوەش هەر زوو كاردانەوەی هاوڵاتیان و شارەزایانی پەروەردەیی لێكەوتەوە.

پێشوەختە ئامادەكاری تەواو بۆ جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی بڕیارەكە نەكراوە


دوای بڕیارەكەش وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجامدەدەن لەكۆبونەوەكەدا كار لەسەر دیاریكردنی رێككەوتی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بەشێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بۆ قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا حكومی و ناحكومییەكان دەدەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیاردەدەن لەسەر دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیانی قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەكانیەوە، لە خوێندنی حكومی و ناحكومی بە شێوازی ئامادەبوونی تەواو لەناو پۆل بە گوێرەی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی دیاریدەكات.

لەچەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنەكانی چۆنیەتی جێبەجێكردنی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەخاتەڕوو


دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەپۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، تائێستا وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران نەداوە، بەڵام لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاریان لەبارەوە دەردەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەیانەوێت بزانن بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی دەتوانرێت هێڵی ئینتەرنێت بۆ قوتابیان دابین بكەن، یاخود پێویستە قوتابیان خۆیان دابینی بكەن.

كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەناچاری دەرگای خوێندنگاكانی بەڕووی قوتابیان و مامۆستایاندا داخست، دواتریش تەنها خوێندكارانی قۆناغی 12ی ئامادەیی تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵیان ئەنجامدا.

 

گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، بڕیارەكەی ئێستا بۆ ماوەیەكی كاتییە و هەركاتێك بارودۆخی تەندروستی بەرەو باشتر رۆشت ئەوا بڕیارە دەدرێت خوێندكاران بچنەوە ناو پۆلەكانی خوێندنەوە.

بەشێك لەو رەخنانەی ئاڕاستەی بڕیاری خوێندنی ئەلیكترۆنی دەكرێت ئەوەیە، لەكوردستان سەرەڕای خراپی هێڵەكانی ئینتەرنێت، هاوكات زۆرێك لەخێزانەكانیش توانای ماددیان سنووردارەو هەیانە چەند منداڵێكیان لەقوتابخانەیە، بۆیە ناتوانن تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن.


كەریم شەریف قەرەچەتانی پسپۆری پەروەردەیی و مامۆستای زانكۆ لە بارەی خۆێندی ئەلكترونیەوە بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “حكومەت لەلایەك بڕیار دەدات دایك و باوكان كە فەرمانبەرن لە هەشتی بەیانی بۆ سێی پاشنیوەڕۆ لەدەوام بن واتە لە دەرەوەبن، بەڵام دەیانەوێت منداڵەكانمان بە ئەلیكترۆنی بخوێنن و لەماڵەوە بن، ئەوەش كاریگەری خراپی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناكرێت ئەو ماوە زۆرە منداڵ بەدیار لاپتۆپ و ئایپادێكەوە لەماڵەوە بێت، چونكە ئەوە مەترسی هەیەو هەندێك لەكۆمپانیاكانی ئینتەرنێت ریكلامی ناپەروەردەیی بڵاودەكەنەوە، بۆیە بەگرنگیزانی پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكرێتەوە.

لەكوردستان سەرەڕای خراپی هێڵەكانی ئینتەرنێت، زۆرێك لەخێزانەكانیش توانای ماددیان سنووردارە، بۆیە تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابین ناکرێت

لای خۆشیەوە عادل حەسەن شارەزا لەبواری پەروەردەیی بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، زیانەكانی خوێندنی ئەلكترۆنی تەنها لەیەك بواردا كۆنابێتەوە، بەڵكو لە بواری كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و دەرونی و بوارەكانی دیكەش دەگرێتەوە،

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارە گرفتی تەندروستیشی لێدەكەوێتەوە، چونكە شارەزایانی دەروونی باس لەوەدەكەن كاریگەری دەروونی لەسەر منداڵان دەبێت.

بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ بەئلیكترۆنیكردنی خوێندن لەكاتێكدایە لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی كە پێشتر كۆرۆنا بەشێوەی بەربڵاو تێیاندا بڵاوبوەتەوە، ئێستا بەگرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەكان بڕیاری ئەوەیانداوە پرۆسەی خوێندن دوانەكەوێت و لەوادەی خۆیدا دەستپێبكاتەوە، بەڵام لەهەرێم ئەو هەنگاوانە نەگیراونەتەبەر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا