سبەینێ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دەرماڵەی خوێندكاران دەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

بریارە سبەی چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆببێتەوەو بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لە بارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە دەدرێت.

ماوەی چەند رۆژێكە لە زۆربەی شاروشارۆچكەكانی كوردستان خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان بۆ پێدانی دەرماڵە دەستی پێكردووە.

بەپێی زانیارییەكان بەهۆی فشاری بەردەوامی خوێندكارانەوە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر دەرماڵە دەدەن.

دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە میدیاکانی حزبەکەی رایگەیاندووە، سبەى چوارشەممە (24/11/2021) ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوە و بەشێکى گرنگى ئەجێنداى کۆبونەوەکە تایبەت دەبێت بە خۆپیشاندانەکانى چەند رۆژى رابردوى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەى ئەوەن ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە بەرژەوەندى خوێندکاران بڕیاربدات کە داواکارى سەرەکى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان خەرجکردنى دەرماڵەى خوێندنە.

دوای ساڵی 2014و بەبیانوی قەیرانی دارایی هاوشێوەی زۆر بواری دیكە حکومەتی هەرێم دەرماڵەی خوێندكارانیشی راگرتووە.

پێش قەیرانی دارایی، خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان مانگانە دەرماڵەیەكیان بۆ خەرج دەكرا، بەجۆرێك ئەوانەی دانیشتوی ناو شارەكان بوون مانگی 40 هەزارو ئەوانەشی دەرەوەی شار بوون 60 هەزاریان پێدەدرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا