رێواز فایەق: لە هەلومەرجێكی وا دانین بتوانین دەستور بنوسینەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە دیداری تایبەتی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان باسی لە چەند تەوەرێكی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئێستای كوردستانەوە كرد.

لە دیدارەكەیدا سەرۆكی پەرلەمان باسی لەوەكرد، ئامانجی دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن بۆ سێ تەوەری سەرەكییە كە ئەوانیش یەكەم دەستوری هەرێم و دووەم هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تەوەری سێیەمیش رۆڵی پەرلەمانی كوردستانە لە ئێستادا.

لەسەرەتا رێواز فایەق وتی، ئامادەكردنی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان ئەركی پەرلەمانی كوردستانەو لە مادەی 120ی دەستوری عێراقدا ئەو مافە دراوە بە هەرێمی كوردستان كە ببێتە خاوەنی دەستوری خۆی، بەڵام جێگەی داخە ناكۆكی هێزە سیاسییەكان بووەتە هۆی ئەوەی ئەوە شانزە هەمین ساڵە تائێستا نەتوانین ببینە خاوەن رەشنوسی دەستوری خۆمان، دەمەوێت لەوەوە دەست پێبكەم ئێمە وەك پەرلەمان چیمان كرد؟، ئێمە هەر لە سەرەتاوە وەك دەستەی سەرۆكایەتی دەستمان كرد بە سەردانی گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و باسی گرنگی دەستورمان لەگەڵ كردن، سەرجەم لایەنەكانیش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لەم خولەی پەرلەماندا رەشنوسی دەستور ئامادە بكرێت بۆ راپرسی، بەڵام بەداخەوە كاتێك بەشێوەیەكی كرداری دەستمان بەپرۆسەكە كرد، كاردانەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانمان بینی زۆر جیاوازبوو لەو هەڵوێستانەیان كاتێك لەسەر ئەو پرسە سەردانمان كردبوون وە روبەڕووبونەوە دروست بوو هەندێكیان پێیان وابوو دەستور بۆ ئێستا گرنگ نییە، لەكاتێكدا ئێمە رامانوایە زۆر گرنگەو پێویستە هەبێت، چونكە یەكێك لەو كێشانەی كە ئێستا لە هەرێم هەیە یاساكان مەرجەعێكی گەورەیان نییە، ئەوەش لەدەرەوەی پرنسیپە دەستورییەكانە.

جێگەی داخە ناكۆكی هێزە سیاسییەكان بووەتە هۆی ئەوەی ئەوە شانزە هەمین ساڵە تائێستا نەتوانین ببینە خاوەن رەشنوسی دەستوری خۆمان

وتیشی، ئێمە هەوڵی خۆمانداوە لە هەوڵەكەی خۆمان بەردەوام دەبین، ئێمە پێمانوایە نان و ئاو و گوزەران و ژیان گرنگە، بەڵام رێكخستنی دامەزراوە دەستورییەكان و دانانی سنور بۆ هەر دەسەڵاتێك تا بزانێت چۆن مامەڵە دەكات ئەویش گرنگە، دەمەوێت ئەوە بەخەڵكی كوردستان بڵێم دەستور لە هەلومەرجێكدا ئارامدا دەنوسرێتەوە كە هێزە سیاسییەكان متمانەیان بەیەكتری هەبێت، وە خەڵكیش متمانەی بەهێزە سیاسییەكان هەبێت، بەداخەوە ئێستا ئێمە لەو هەلو مەرجەدا نین، دەبێت هێزە سیاسییەكان یارمەتی پەرلەمان بدەن بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە بباتە پێشەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنە گشتییەكانی پەرلەمانی كوردستانیشەوە رێواز فایەق بەمشێوەیە بۆ میدیاكاران دواو وتی، داوا لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكەم ئەگەر دەیانەوێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت ئەوا پێویستە یارمەتی پەرلەمان بدەن، پێویستە سازش بۆ یەكتری بكەن بۆئەوەی لە خاڵی هاوبەشدا بگەن بەیەكتری، وە ئەگەر دەمانەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكەینەوە ئەوە پێویستە پێكەوە بیكەین بە سازان بیكەین، لەساڵی 2020ەوە كۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەكان لە كوردستان ماوەكەی تەواو بووەو ناتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات، ئاشكرایە پێویستە چەند مانگێك پێش ئەوەی خولی پەرلەمان تەواو ببێت ئێمە ئامادەكارییمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستپێكردبێت و تەنانەت هەڵبژاردنیشمان كردبێت بۆئەوەی نەكەوینە بۆشایی یاساییەوە، ئێمە وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوینەتەوە بۆئەوەی بەرچاویان روون بێت بەرانبەر بە یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، دەمەوێت بە خەڵكی كوردستان بڵێم پەرلەمانی كوردستان بەبێ یارمەتی حزبە سیاسییەكان ناتوانێت بە تەنها پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات، ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەمانەوێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت و لە رۆژی شەشی مانگی 11ی 2022 دا 111 ئەندامی نوێی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرابێت.

هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئەگەر دەیانەوێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت ئەوا پێویستە یارمەتی پەرلەمان بدەن

سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دەمەوێت قسەی لە بارەوە بكەم، هەستەكەم جۆرێك لە تێنەگەیشتن یان تێگەیشتنێكی هەڵە سەبارەت بە پەرلەمان چووەتە ناو خەڵكەوە دەمەوێت ئەو روانگە راست بكەمەوە ئەویش ئەوەیە، جارێ كاركردن لە پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی دەستە جەمعیە و هەموو شتێك بە دەنگدانە، دەنگدانیش بێگومان بە ژمارەیە خەڵكی كوردستانیش لە من باشتر دەزانن پێكهاتەو دابەشبوونی ژمارەكان لە ناو پەرلەماندا بەچی شێوەیەك دابەشبوون، بۆیە بەرزبونەوەی پێشبینی خەڵك بەرانبەر پەرلەمان لە چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك بەشێوەیەكە هەستەكەم چەواشەكردنی خەڵكە بەوشێوەیەی كە رێگە راستەكەیان لێ تێك دەدات، بەنموونە پەرلەمان یاسا دەردەكات وە چاودێری حكومەت دەكات، بۆ هەموو ئەمانە پێویستی بە دەنگدانە سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتییەكەی تەنها ئەركی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكەیان لە ئەستۆدایە وە ئێمە لە سەرۆكایەتی تەنها یەك دەنگمان هەیە، واتە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان رۆڵ و دەسەڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ رۆڵ و دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت و دەسەڵاتەكانمان بە ئاشكرا دیارە، ئەوەی بۆ من وەك سەرۆكی پەرلەمان گرنگە ئەوەیە رۆڵ ببینم لەوەی لێكترازان لە نێوان فراكسیۆنەكان روونەدات و پەرلەمان خۆی نەبێتەهۆی هاندانی شەقام و دروستبوونی ناسەقامگیری سیاسی، بەشێوەیەكی گشتی ئەوە رۆڵی پەرلەمانە.
ئەوەی لە دوو ساڵی رابردودا كردومانە ئەوەیە ویستومانە شێوازێكی جیاوازی كاركردن بەڕێوەببەین و نەمانویستووە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان دەربچێت.

ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەمانەوێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت

دواتر نوێنەری كەناڵەكانی راگەیاندن پرسیاریان ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردو لە وەڵامی پەیوەست بە دەستوردا رێواز فایەق وتی، من بێ ئەمەل نیم لەوەی دەستور لەم خولەدا تێپەڕێت گەر بێ ئەمەل بومایە كۆبونەوەم لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەدەكرد، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەكەدا هەیە ئەویش پەیوەندی بە هێزە سیاسییەكانەوە هەیە.

 

لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداربووم و یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشدا كە یەكێتی لەگەڵ ئەوەدا نییە هەڵبژاردن بكرێت، رایگەیاند، ئەو بابەتە ئەسڵ و ئەساسی نییە و من خۆم لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداربووم و یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت.
باسی لەوەشكرد، خولی ئێستای پەرلەمان زۆر جیاوازە لە خولەكانی دیكە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان دەبێت وا كاربكات كە پەنا بۆ كەمینەو زۆرینە نەبرێت، لەوەتی من لەوێم هیچ یاسایەك بە زۆرینەو كەمینە تێنەپەڕیووە، لەم خولەدا 30 یاسامان دەركردووەو 20 یان یاسای نوێن، بەڵام پەرلەمانی عێراق تەنها 18 یاسای نوێی دەركردووە، سەبارەت بە چاودێری ژمارەی ئەو وەزیرو سەرۆكوەزیران و جێگری سەرۆك وەزیرانەی كە لەم خولەدا هاتونەتە پەرلەمان سێ هێندەی خولەكانی دیكەی پەرلەمانی كوردستانە.

سەبارەت بەهۆكارەكانی پرسی كۆچی گەنجان رێواز فایەق باسی لەوەكرد، بەشێكی پەیوەندی بەبێ كارییەوە هەیە بەشێكی بەهۆی ئەوەیە حەز دەكات ژیانێكی باشتری هەبێت، بەشێكی دیكەشی بەهۆی نائومێدی خەڵكەوەیە، بەنمونە كەسێك دەڵێت ئەمساڵ نا ساڵی داهاتوو باشتر دەبێ، بەڵام كاتێك دەبینێت باشتر نابێت ئیتر دەڕوات، بەڵام زۆرینەی زۆریان بەهۆی ناچارییەوەو ناچارن وڵات جێبهێڵن.

ئاگاداری تەواوی داهاتی نەوت نیم

لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەداو پەیوەست بە داهاتی كوردستانەوە سەرۆكی پەرلەمانی باسی لەوەكرد، نەخێر من ئاگاداری تەواوی داهاتی نەوت نیم، بەڵام ئەو داهاتەی دەچێتە وەزارەتی دارایی دەزانین چەنە، بەڵام لە راستی هەموو داهاتەكە ناچێتەوە وەزارەتی دارایی، چونكە بەپێی ئەو كۆكردنەوانەی دەكرێت داهاتی نەوتی هەرێم 900 ملیۆن دۆلارە، بەڵام تەنها 350 ملیۆن دۆلاری دەچێتەوە وەزارەتی دارایی، من موزایەدە ناكەم، چونكە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری پلاندانان لە حزبەكەی خۆمە، بەڵام بابەتەكە ئەوەیە لەم كابینەیەدا هێشتا ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز كۆنەبوەتەوە تا بزانێت كۆی داهاتەكەی دیكە چۆن خەرج دەكرێت.

لە بارەی پرسی پرۆژە یاسای بودجەشەوە وتی، ئەوە دوو كابینەیە بودجە نەهاتوەتە پەرلەمان كە ئەمە پێشێلكاری یاساییە، ساڵی پار وتیان ئامادەمان كردووە ئێمە بەدواداچونمان بۆ كرد، بەڵام دواجار نەهات، ئێمە بەپێی ماددەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ داوای رونكردنەوەمان لە حكومەت كردووە ئەوانیش وەڵامەكانیان هەر ئەوەیە كە دەڵێن نازانین لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوین یان نا، وا خەریكی ئامادەكارین، كە ئەمانە هیچ هۆكارێكی گرنگ نین و خەرجكردنی یەك سەنت بەبێ یاسای بودجە لە راستیدا پێشێلكاریی یاساییە، خۆزگە ئێمە لە وڵاتێكی دیموكراسی پێشكەوتوو بووینایە بۆئەوەی ئەوكاتەی حكومەت كە پرۆژە یاسای بودجەی نەئەنارد ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی متمانەی لێوەربگیرێتەوە، بەڵام ئێرە كوردستانە.

خۆزگە لە وڵاتێكی دیموكراسی و پێشكەوتوو بووینایە بۆئەوەی ئەوكاتەی حكومەت كە پرۆژە یاسای بودجەی نەئەنارد ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی متمانەی لێوەربگیرێتەوە

لەبارەی چونی شاندێكی پەرلەمانیش بۆ بێلاروس باسی لەوەكرد، دەستكەوتنی ڤیزا بەو خێرایە ئاسان نەبوو، سەردانەكەش بۆ ئەوە نەبوو كۆچبەران بگەڕێنەوە، چونكە ئەوان توڕەن لیژنەكە بۆ پۆڵندا دەچوون تاوەكو قسە لەگەڵ ئەوان و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بكرێت بۆئەوەی وەك بنەماكانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران بكرێت نەك ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیە كە دەیانكرد لەگەڵ كۆچبەران.

لە بارەی قسەكانی جەلال پەرێشانیشەوە جەختی لەوەكردەوە، ئێستاش دەیڵێمەوە ئەو ساتە گوێم لەو قسەیە بوایە دەمكردە دەرەوەو نەمدەهێشت بێتەوە ژوور، بەڵام نەك من هەموو ئەوانەی لە ریزی پێشەوە بوون لێم پرسیون وتیان گوێمان لێی نەبووە، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیە كراوەو ئەندامانی پەرلەمان گوێیان لێبووە چۆن كاردانەوەیان نەبوو لەكاتێكدا ئەوە قسەیەكی قورس بوو وە ئەوان قسەیەكی وا بوترێت بە حزبەكانیان قبوڵی ناكەن، ئیتر دواتر بەوە چارەسەرمان كرد كە كاك جەلال پەرێشان داوای لێبوردنی كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا