پۆلیسی‌ سلێمانی: هەندێك لەوانەی خۆپیشاندان دەكەن خوێندكار نین

پۆڵەتیك پرێس

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رونكردنەوەیەكی لە بارەی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ئەوان دوو رۆژە خوێندكاران دەپارێزن، بەڵام ئێستا بۆیان دەركەوتووە بەشێك لە خۆپیشاندەران خوێندكار نین و هێرشدەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان.

لە رونكردنەوەكەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، ماوەی‌ دوو ڕۆژە خوێندكارانی‌ زانكۆ گردبوونەوەو خۆپیشاندانی‌ ناڕەزایی ئەنجام دەدەن بۆ داواكردنی‌ دەرماڵە، وەك ئەركی‌ سەرشانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیس بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ خوێندكارەكانیان و هێمنی‌‌و ئاسایشی‌ خۆپیشاندانەكە بەردەوام بوون لەپارێزگاری‌ لێ كردنیان.

دەشڵێن، “بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێك لەئامادەبووانی‌ خۆپیشاندانەكە كە بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ بەدەست ئێمە گەیشتوەو بەڵگەی‌ تەواومان لایە كە خوێندكار نین، دەستیانكرد بە بەرد هاویشتن بەئاراستەی‌ هێزی‌ چالاكی‌ مەدەنی‌‌و هێرشكردنە سەریان بەچەقۆو بۆكس خەنجەر، دەرئەنجامی‌ ئەم كارە گرژی‌‌و ئاڵۆزیی دروست بوو چەند ئەفسەرو كارمەندێك و چەند خوێندكارێك بریندار بوون بە بەردو دار”.

ئەوەشهاتووە، وەك بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیس دەرگایان كراوەیە بۆ خوێندكاران بۆ هەر تێبینی‌‌و گلەیی‌و گازەندەیەك لەسەر بەڕێوەبەرایەتیان.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، “داواكارین لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم داواكاریی‌و دابینكردنی‌ دەرماڵەی‌ خوێندكارانەوە بچن، لەهەمانكاتیشدا داوا لەخوشك‌و برا خوێنكارەكانمان دەكەین كە گردبونەوەو كۆبونەوەكانیان بەشێوازی‌ هێمنانەو شارستانیانە ئەنجام بدەن‌و نەهێڵن خەڵكانی‌ گومانلێكراو چالاكییە شارستانییەكەیان لێ تێكبدەن”.

ماوەی دوو رۆژە لە بەشێك لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگان بۆ دابینكردنی دەرماڵە بەردەوامی هەیە، بەڵام وەك بەشێك لە خوێندكاران باسی دەكەن هەندێك كەس چونەتە ناو خۆپیشاندەرانەوەو خۆپیشاندەكەیان بەلاڕێدا بردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا