پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، وەك سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی داواكاری خوێندكاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینكردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندكارانی زانكۆ دەكەین، باس لەوەشدەكات ئیدانەی هەر پێشێلكارییەك و توندوتیژییەك دەكەن كە لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەكان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانكۆ دروست دەكەن بۆ دەرخستنی راستییەكان.
لە روونكردنەوەیەكدا سەرۆكایەتی زانكۆ و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی رایگەیاندووە، وەك سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پشتگیری تەواوی دابینكردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندكارانی زانكۆ دەكەین، وە ئاگادارین كە چینی خوێندكارانی زانكۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێكی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە پێشتر چەندین جار ئەم داواكارییەی خوێندكاران لەلایەن ئەنجومەنی زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەسەر كراوە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا ئاماژە كراوە بەوەی لەئەنجامی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەداخەوە چەند بەریەككەوتنێكی نەخوازراو لەنێوان خوێندكارانی زانكۆ و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكاندا ڕویداوە، ئێمە وەك سەرۆكایەتی زانكۆ و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی جەختدەكەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانكۆ و ئیدانەی هەر پێشێلكارییەك و توندوتیژییەك دەكەینەوە كەلەدەرەوەی یاسا و رێنماییەكان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانكۆ دروست دەكەین بۆ دەرخستنی راستییەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.
ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بەردەوامی هەیە و داواكاری سەرەكییان بریتیە لە دابینكردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندكارانی زانكۆ.
هەر ئەمڕۆ دوو شەممە ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لە رێگای پۆڵەتیك پرێسەوە راگەیاند، “داوای خوێندكاران داواكارییەكی ڕەوایە و ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت چ وەك وەزیر چ وەك زانكۆ و حكومەتیش هاوكار دەبین بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان و پشتوپەنایان دەبین”.