لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس چەند سەرەداوێكیان لەهۆكاری سووتانی شاخی گۆیژە دەستخستووە

پۆڵەتیك پرێس:
لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیسی ژینگەو دارستانی سلێمانی چەند سەرەداوێكیان لەهۆكاری سووتانی شاخی گۆیژە دەستخستووەو لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامە.

بەیانی رۆژی هەینی “چواری ئەیلوولی 2020” ئاگرێكی گەورە لەشاخی گۆیژە كەوتەوەو دوای چەند سەعاتێك هێزەكانی بەرگری شارستانی، بەهاوكاری هێزەكانی پۆلیسی دارستان توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.

لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەش، هێزەكانی پۆلیسی دارستان‌و ژینگەی سلێمانی‌و بەرگری شارستانی دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردو لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامی هەیە.

عەمیدی پۆلیس هێمن كەمەرخان ئەفەندی بەڕێوبەری ڕاگەیاندن‌و ژینگەی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردووەو لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامی هەیە، كە بەچەند سەرەداوێكیش لەو بارەوە گەیشتووین.

عەمید هێمن لەبارەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان‌و ئەنجامەكانی ئاشكرایكرد، كە گومان دەكەن، سێ‌ گەنجی، كە دانیشتووی ناوچەكانی خوارووی عێراقن، بەهۆی كێشانی نێرگەلەوە ئاگرەكەیان خستبێتەوەو ئەو زیانەیان بەناوچەكە گەیاندبێت.

بەهۆی ئاگرەكەی شاخی گۆیژەوە، زەرەرو زیانێكی زۆر بەدارو پوش‌و پاوەنی ناوچەكە گەیشتووە، لەبارەی قەبارەی زیانەكان عەمید هێمن وتی: ئێمە ناتوانین وەك پۆلیسی دارستان بەدەقیقی بزانین قەبارەی زیانەكە چەندێكە، بەڵام دەكرێت لەداهاتوو بەدواداچوونی بۆ بكرێت‌و وردەكارییەكەی بخرێتەڕوو.

ئەو بەرپرسەی پۆلیسی داراستان بۆ رێگری لەكەوتنەوەی ئاگری تر، داوایەكی ئاراستەی خەڵكی كردو وتی: كاتێك گەشت‌و سەیران دەكەن لەدوای خۆیان دڵنیا بن لەوەی ئەو پشكۆیە تەواو كوژاوەتەوە، كە بەكاریان هێناوە.

هەروەها وتی: لەماوەی داهاتووشدا مەفرەزەكانمان چر دەكەینەوە لەو ناوچانەی، كە تایبەتن بەگەشتوگوزارو هەر حاڵەتێكی سەرپێچی هەبێت بەدڵنیایی لێپێچینەوە دەكەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا