کاریگەری میدیای نوێ لەسەر خاسیەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژن

خاسیەتە دەرونییەکانی مرۆڤ دیاریدەکرێن بە کۆمەڵێک حەز و هەست و سۆزو پێداویستی و پاڵنەری کەسی کە گرێدراوی داب و نەریت و بابەتی پەروەردە لەسەرکراوەکانن لەگەڵ هەندێک پێکهاتەی فسیۆلۆجی مرۆڤن.

هەروەها دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک چالاکی مرۆڤن لەگەڵ تێکەڵاوبوونیان و کارلێککردنیان  بە ژینگەی واقعی ژیانکردنیان، بەجۆرێک خۆگونجاندن بێت لە هەموولایەنەکانەوە.

لە گرنگترین خاسیەتە دەروونیەکانی ژن بوونی هەست و سۆزە لە دەروونیدا کە کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر کۆی دەربڕین و سرووشتی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی، وەک مامەڵەکردنی بە بابەتەکانی ماڵداری و خێزان و منداڵ بەخێوکردن، هەروەها بە هۆکاری سرووشتی ژنێتی زیاتر گرنگی بە بابەتی تەندرووستی و جوانی و دیزاین و دەستڕەنگینی … هتد دەدات، هەربەهەمان هۆکار زیاتر لە پیاوان تووشی گرفت و کێشەی دەروونی جیاواز دەبنەوە لەوانە دوودڵی و خەمۆکی کە لە دیارترینیانە هەروەها سەرئێشەی بەردەوام بەهۆکاری قورسایی و زەحمەتی و هەژموونە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتیانەی کە دەکەونەسەری، بە جۆرێک ناتوانێت هەستە پەنگ خواردووەکانی کە تووڕەیی و بێزاری و ڕقلێبوونەوەی لێدەکەوێتەوە لە هەستەکانی دەرنەبڕدرێن.

شارەزایانی بواری میدیا و دەروونزانی گرنگی بە زانینی سروشتی دەروونی ژنانیان بەهەند وەرگرتووە و بەردەوام  ویستوویانە توێژینەوە و لیکۆڵینەوەی لە بارەوە بکەن بەهۆکاری ئەوەی ژنان زیاتر بەرکەوتە و کاریگەرن بە ئامڕازە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی میدیا کە  رۆڵیان هەیە لەسەر پەیامە میدیایەکان بە جۆرێک میدیا ئاڕاستە دەکەن ئەو بابەتانە هەڵبژێرن بۆ بڵاوکردنەوە کە جێگەی گرنگی و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژنانە، لە هەمانکاتدا لایەنی دەروونی پێکهاتەیەکی گرنگە کە لە ڕێگەیەوە کاریگەردەبێت بە بابەتە میدیاییەکان.

ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن کاریگەری گەورەیان هەیە لە درووستکردنی ڕۆشنبیری و زانیاری لای تاکەکان بەتایبەت ژنان کە لەزۆرێک باردا سەرچاوەی سەرەکی وەرگرتنی زانیاریە بۆیان کە لەتوانایدایە سەرباری زانیاریەکانی بێت، تایبەتمەندیان بگۆڕێت و کاریگەری لەسەر دنیابینین و هزری هەبێت.

ئامڕازەکانی میدیا کاریگەریان هەیە لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پڕکردنەوەی پێداویستی تاکەکان، وەک پێداویستی زانیاری و بابەتی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و … ، کۆمیونیکەیشنی ژنان لە ڕێگەی ئامڕازە نوێیەکانی میدیاوە وەک میدیا کۆمەڵایەتیەکان کە لە ئێستادا ژنان خۆیان بە هەموو چین و توێژەکان تیایدا بەشدارن و بە ڕێوەی دەبەن و بەو ڕێگایەدا دەڕوات کە میدیای تەقلیدی نەیتوانیوە بیکات و دەستی بۆببات لە ئێستادا لە ڕێگەی گرووپەتایبەتەکانی ژنان ئەوپرسە تایبەتانە باسدەکرێن بێ سڵەمینەوە لە ناسینەوەیان یاخوود بوونی سانسۆر لەسەریان بەهۆکاری سرووشتی ئامڕازەکە کە ئەو تایبەتمەندیای تێدایە ژنان دەتوانن بە ناو و وێنەی خوازراو بەشداربن.

کە ڕۆچۆتە پرسەکانی ژنان بەتایبەت کار لەسەر ئازادی ژنان و ئەرک و مافەکانیان و شێوازی ژیانکردنیان و بوون بە خاوەن ئابوری سەربەخۆ و شێوازی سەربەخۆبونی بیر و بۆچوون دەکات هەروەها هاتنەدەرەوە لەو ڕێچکە چەقبەستووەی کە تیایدا چەندین سەدەیە تیایدا ماونەتەوە و نەتوانراوە دەرستی لێبدرێت و باسی لەبارەوە بکرێت.

هەر لەم سۆنگەیەوە ژنان دەکەونە دۆخێکی سایکۆلۆژی لە ململانێ و شەڕ و ناکۆکی لە نێوان بیرووباوڕ و هزری  ئازاد و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و لەلایەک داب و نەریت و بیرووباوەڕی پەروەردەکراو لەسەری کە هەمووپێکەوە دەبنە سەرلێشێواوی و شڵەژانی دەروونی و تەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسی وەک ژن.

بۆیە گرنگە ژنان پێش هەر هەوڵدانێکیان بۆ تاقیکردنەوەی بابەتی نوێ و نوێگەری لەڕووی ڕۆشنبیری و هۆشیاری لە بابەتەکان خۆئامادەکاری تەواوی لەلا درووست بووبێت بۆ توانینی خۆگونجاندن و سوود بینین لە بابەتەکان پاشان بەشداریبکات نەک لایەنە پێچەوانەکانی بە هەمان شێوەش میدیا ئاستی ڕۆشنبیری وەرگرەکانی لەبەرچاوبگرێت تابتوانێت بابەتەکانی لەبەرژەوەندی وەرگربێت.

د. پاڤێ جەمیل

مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا