یەکێتی بۆ ئەرشەد ساڵحی: ئەگەر خۆت بە پیاوی ئەتاتورک دەزانیت بڕۆ بۆ تورکیا

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی لە وەڵامی قسەكانی ئەرشەد ساڵحیدا دەڵێت، ئەگەر خۆت بەپیاوی ئەتاتورك و توركیا ئەزانیت بڕۆ لە توركیا بژی، خەڵكی كەركوك خۆیان بڕیار لە چارەنووسی شارەكەیان دەدەن نەك تۆ، باس لە نەخشە رێگای نوێی یەكێتیش بۆ پارێزگای كەركوك دەكات.

رەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەی قسەكانی ئەرشەد ساڵحی كە وتبووی كەركوك ئەمانەتی ئەتاتوركە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەرشەد ساڵحی هەمیشە بۆخۆی بازارێك گەرم دەكات ئەم بازاڕ گەرم كردنەش بەوجۆرەیە لە كوێدا قسەیەكی ناخۆش و قسەیەكی خراپ هەبێت ئەو دەیەوێت بیكات، بۆئەوەی زۆرترین خەڵك تەماشای بكات یان گوێی لێبگرێت، ئەرشەد حاڵی هەڵبژاردنی خۆشە كە ساڵ بە ساڵ توركمانی تووشی كێشە كردووە، ئەو قسانەی لەبارەی كەركوك كردوونی خەیاڵە، ئەو ئەگەر خۆی بەپیاوی ئەتاتورك و توركیا ئەزانێت بابچێت لە توركیا بژی، بۆیە خەڵكە كەركوك خۆیان بڕیار لە چارەنووسی شارەكەیان دەدەن نەك كەسێكی وەكو ئەرشەد ساڵحی.

دەربارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك رەوەند مەلا مەحمود، وتی: هەر لە سەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە جەماوەری یەكێتی لە كەركوك لە هی لایەنەكانی تر زۆرتربووە، كاتی خۆیشی كە پارتی دەیویست كێشە بۆ كەركوك دروست بكات هۆكارەكەی ئەوەیە كە كەركوك هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

روونیشیكردەوە، ئێستاش یەكێتی دەنگ و رەنگ و هێزی خۆی لە كەركوك ماوە بۆیە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەمافی كورد لە ناو كوردیشدا بە هی یەكێتیی نیشتمانیی دەزانین، ئەو بابەتەش بابەتی سازشكردن لەسەری نیە، ئەوەی ئێستا هەیە غەدرێكی گەورەیە لە كورد و لە كەركوكییەكان كراوە، كەركوك كە بەهێز داگیركراوە و پارێزگارەكەیان لێبردوین بەڵام بەهیچ جۆرێك دەستی لێهەڵناگرین و بە مافی خۆشمانی دەزانین.

ئاشكراشیكرد، گرنگیدانی یەكێتی بە كەركوك پەیوەندی بەوەوە هەیە كە پێشتریش یەكێتی بەرنامەی جدی هەبووە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بەڵام كاتەكەی گونجاو نەبوو، ئەم بەرنامەیەی كە ئێستا هەمانە سێ‌ مەڵبەندمان لە كەركوك دروستكردووە، بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكێتی پێی وایە پرسی كەركوك پرسی هەموو كوردە، وە پرسێكی گرنگە، گرنگیدان بەم ناوچانەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر ئاوەدانی و سەقامگیری هەبێت چونكە ئەم ناوچانە هەڕەشەیان لەسەرە، بۆیە یەكێتی لە ئێستادا بە سێ‌ مەڵبەند لە كەركوك كاردەكات مەڵبەندێكی رۆژهەڵات و مەڵبەندێكی رۆژئاوا و مەڵبەندێكی ناو شاری كەركوكیش.

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوك جەختی كردەوە، گرنگیدانی جدیمان دەبێت بۆ سێكتەرە حكومییەكان یان سێكتەرە كۆمەڵایەتییەكان و هەرسێكتەرێكی تر كە پەیوەندی بەم ناوچانەوە هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا