پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، رۆژی شەهیدی یەكێتی بۆ ئێمە رۆژی وەفا و پابەندبوونمانە بە رێبازی خوێنی شەهیدان و درێژەپێدان بەو خەباتەی لەبەردەم پەتی سێدارەدا دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) بەرزكردەوە.
لە درێژەی پەیامەكەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: لە بەرامبەر ئەم شكۆیەدا بەڕامانێكی قوڵەوە بەرەو داهاتوویەكی گەشتر هەنگاودەنێین و رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی پشتبەستوو بەم شكۆیە بەردەوامی پێدەدەین، یەكێتی یەكێتییەكەی مام دەبوژێنینەوە و لەبەرامبەر میللەت، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەراندا بەڵێن دەدەینەوە وەفاداری ئەم بەرپرسیارێتییە بین و ئەم ئیرادەیە راوەستانی بۆ نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی داهاتووش كە بەرهەمی خەباتی تێكۆشانی سەختی چەكداری، سیاسی و دبلۆماسییەكی سەركەتوو بووە لە دروستكردنی كیانی خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، كە پشكی شێری ئەو سەركەوتنە بەر یەكێتی و تێكۆشەر و شەهیدەكانی دەكەوێت، بۆیە یەكێتی حزبی سەركەوتنە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم حزبی سەركەوتنەش كۆڵنادات لە خەباتی نوێی دیموكراسی، پەرلەمانیی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی هەرێم و عێراقدا تا گەلەكەمان بە تەواوی مافەكانی دەگات و ژیانێكی خۆشگوزەران و شایستە بۆ كۆمەڵانی خەڵك مسۆگەردەكات، ئەم ئامانجەش بە پشتیوانی تاك بە تاكی گەلەكەمان بەدیدێت لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەهەمان دڵسۆزی و پەرۆشییەوە كە لەهەموو وێستگەكانی خەباتدا لە یەكێتییەكەیان كردووە.
سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدەكانمان دادەنەوێنین و لەبەردەم گڵكۆی بەرزیاندا بەڵێن دووپاتدەكەینەوە پارێزەری یەكێتی و یەكێتییەكان دەبین.