پەیامێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بە بۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتییەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند، تۆماری كاروانی چل و شەش ساڵەی یەكێتی و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان تۆمارێكی گشتگیری كوردستانی ئەوتۆیە شەهیدی یەكێتی لە هەموو شوێنێكی وڵاتەكەمان یادگاری خوێن و خەبات و رەنجی بە خەسارنەچووی تێكۆشانی یەكێتییەكەمانە بۆ رزگاری و دیموكراسی و مافی چارەنووس.

بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتییەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: كاروانی دوورودرێژی خەباتی گەلەكەمان پڕە لە قوربانی ‌و گیانفیدایی، لە ناو ئەو كاروانە دوور و درێژە‌دا وێستگەی دەیان ساڵەی خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشكی شێری بەردەكەوێت ‌و لەنێو یەكێتیشدا شەهیدان دوندی قەندیلی خەبات ‌و سەفینی لە بن نەهاتووی گیانبازی ‌و قوربانیدانن، ئەمڕۆش ، 21/11 رۆژی شەهیدی یەكێتی ‌و بۆنەی وەفاداری ‌و بەرز راگرتنی یاد ‌و یادەوەرییانە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە ئەمڕۆژە رۆژێكی رەمزی ‌و ناونیشانی سەرمەشقی شەهادەتە كە رۆژی داستانی سێ كوچكەی (كەم بژی ‌و كەڵ بژی)، رۆژی لە سێدارەدانی شەهیدان خاڵە شیهاب ‌و ‌ئەنوەر و جەعفەرە، رۆژێكی شایانە و رۆژ نییە لە تەقویمی رۆژەكانی كوردستاندا كە یەكێتی شەهیدی نەدابێ ‌و بستێ زەوی نەماوە لەم نیشتمانە كە بە خوێنی ئاڵی شەهیدێكی یەكێتی ئاو نەدرابێ، هەموو رۆژێك ‌و هەموو شوێنێك رۆژ ‌و شوێنی شەهادەتە بۆ حزبی شەهیدان.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، تۆماری كاروانی چل و شەش ساڵەی یەكێتی و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان تۆمارێكی گشتگیری كوردستانی ئەوتۆیە كە نەخشەی هەموو نیشتمانی گرتۆتەوە، لەگەرمیان تا كوێستان، لە بادینان تا سۆران و بگرە كوردستانی سەرتاسەریش. شەهیدی یەكێتی لە هەموو شوێنێكی وڵاتەكەمان یادگاری خوێن و خەبات و رەنجی بە خەسارنەچووی تێكۆشانی یەكێتییەكەمانە بۆ رزگاری و دیموكراسی و مافی چارەنووس.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو قارەمانانە بە شەهیدی ناودار و گومناوەوە، بە شەهیدی مەزاری پڕشكۆ و شەهیدی گۆڕ غەریبەوە شایەتی تێكۆشانی هەمەلایەنن لە هەموو بۆنە و دەرفەتەكانی خەباتدا، لە مەفرەزە سەرەتاییەكانی سەرەتای شۆڕشەوە بۆ دوا گیانبازی دژی تیرۆریستان لە عیراقی فیدراڵدا.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە درێژەی پەیامەكەیدا باسی لەوە كردووە، شەهیدی سەنگەری داكۆكی لە ئاواییە ئازادكراوەكانی شۆڕش، شەهیدی هێرشی نەبەردی ‌و داستانی پێشمەرگانە، شەهیدی مقاوەمەتی زیندان و بەر پەتی سێدارە، شەهیدی رێكخستنی نهێنی ‌و چالاكی ناو شەقام و كۆڵانەكانی شارەكان. شەهیدی خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران و لاوان دژی سەركوت و حوكمی فاشستەكان، شەهیدی راماڵینی سوپای بەعس لە راپەڕین و رزگاری یەكجاری كوردستان ‌و عیراق لە پڕۆسەی ئازادی عیراقدا، شەهیدی دەستی تیرۆر ‌و نەبەردییەكانی پاراستنی كوردستان ‌و عیراق لە تیرۆری قاعیدە ‌و داعش ‌و مانەندەكانیان.

روونیكردووەتەوە لەم دەفتەری شانازییەی كوردایەتییدا هەموو چین و توێژەكانی كوردەواری پشكیان هەبوو: شەهیدانی سەركردە ‌و فەرماندە، شەهیدانی ژنان ‌و كچانی رێكخستن، خەباتی پیشەیی ‌رەنجدەران و كرێكاران ‌و خوێندكاران ‌و لاوان، شەهیدانی بە كۆمەڵی قەسابخانەكانی بەعس لە موسڵ ‌و كەركوك ‌و بەغدا، قوربانیان ‌و شەهیدانی بێ تاوانی ئەنفال ‌و كیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەسفیر چیرۆكێكی سەربەرزانەی موقاوەمەت ‌و مانەوەی گەلەكەمان دەگێرنەوە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا مەكتەبی ساسی یەكێتی جەختی كردووەتەوە، رۆژی شەهیدی یەكێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری كەسوكاری شەهیدان، لەدایك و باوك، كچ و كوڕ، خوشك و برا و نەوەكانیان كە ئەركی یەكێتی و حكومەتی هەرێمە وەك بەرهەمی خوێنی شەهیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بكات. ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەكەسوكاری شەهیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەكانی حزب و حكومەتدا كاران و دەتوانن هەم پەرژینی پاراستنی حزبی شەهیدان و بەرهەمی خەباتەكەیان بن و هەمیش دەتوانن لۆبی پارێزگاری لە ماف و لەناو و ناوبانگی مەعنەوی و ماددی شەهیدانی سەربەرز بن.

ئەوەشهاتووە ، رۆژی شەهیدی یەكێتی دەرفەتێكی گەورەی جۆشدانەوەی خەباتی رەوای یەكێتی ‌و گەلەكەمانە لەپێناوی مافەكانی، لەڕێی رزگاری ‌و دادپەروەری ‌و دیموكراسیدا. رۆژی مشتوماڵكردن ‌و پوختكردنەوەی خەباتی یەكێتییانەیە بۆ ئەوەی باقی ئەو مافانە بەدیبهێنن كە شەهیدانمان خوێنیان لەپێناویا بەخشی ‌و ژیانی خۆیانیان پێ هەرزان بوو لە ئاستی ویستی گەورەی بەدەستهێنانیدا.

لە كۆتایی پەیامەكەدا باسلەوەكراوە، جێی خۆشێتی لەم رۆژەدا وێڕای دانەواندنی سەری رێز ‌و نەوازش لە ئاستی مەزنایەتی شەهیدەكانی حزبی شەهیدان بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال، سەری یەكێتییەكەمان بە بەرزی ‌و بڵندی ئەم مێژووە رابگرین ‌و ئەركەكانی سەرشانمان لە ئاشتی، ئازادی، دیموكراتی ‌و مافی چارەنووس قۆناغبەندی بكەین ‌و خۆمانی بۆ جۆشبدە‌ینەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا