پارێزگاری هەولێر لەسەر روداوەكانی كوشتنی پارێزگاكەی هاتە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، روداوەكانی كوشتنی چەند رۆژی رابردوی هەولێر جێی نیگەرانی ئەوانەو رێكار و رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە میدیاكانی راگەیاند، لە هەموو كۆمەڵگە و وڵاتێك روداوی لەو جۆرانە هەیە، كە بەداخەوە روداوی ناخۆشن.

وتیشی، “پێشتر هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێمۆڵەتمان راگەیاند، هەڵمەتەكەش چەند ڕۆژێك بەردەوام بوو و دەست بەسەر چەكی ژمارەیەك خەڵكیشدا گیرا، بەڵام بە دڵنیاییەوە واقیعی وڵاتی ئێمە، لە ناوچەیەكدا دەژین بە بەردەوامی شەڕ و شۆڕی تێدابووە، كاریگەریی ئەوەی هەیە كە بە ئاسانی چەك دەكەوێتە دەست هاوڵاتیان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا یاسای هەڵگرتنی چەك لە هەمواركردنەوەدایە و بەجۆرێك ئامادەكاریكراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێوشوێنەكان توندتر بكرێن، وتیشی، “ئەو ڕووداوانەی ڕوویان دا، ڕووداوی نەخوازراون و وەكوو حكوومەت و پارێزگاریش زۆر پێی نیگەرانین، بە دڵنیاییەوە ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر”.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەكردەوە، هەرچەند رێوشوێنەكانی حكومەت و دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و یاساكان توند بن، بەڵام هێشتا ناكاتە هۆشیاری هاوڵاتیان، كە بەبێ مانا و لەسەر بابەتێك كە ئەوەندە نەهێنێت، ببێتە هۆكاری ئەوەی گیانی خەڵكی پێ لەدەست بدرێت.

لە چەند رۆژی رابردودا چەند روداوێكی كوشتن لە هەولێر روویاندا، یەكێك لە روداوەكانیش كوشتنی دوو هاوڵاتی بوو لەسەر پاككردنی ئۆتۆمبێل لە چێشخانەیەكدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا