دوو لیوا هاوبەشەكە دەست بە مەشق و راهێنانەكانیان دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق رایگەیاند، ئەو دوو لیوا هاوبەشەی دروستكراوان دەست بە مەشق و راهێنان دەكەن و لە ئایندەشدا چەند لیوایەكی دیكەی هاوشێوە دروستدەكرێت.

لە ماوەی رابردودا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و بەرگری عێراق چەندین كۆبونەوەیان ئەنجامدا تاوەكو لەسەر میكانیزمی پێكهێنانی چەند لیوایەكی هاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان رێكبكەون.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، بڕیارە شەش لیوای هاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان دروست بكرێن و لە یەكەم هەنگاویشدا دوو لیوا دروست دەكرێن، كە ئێستا ناوەكانیان ئامادە كراوە و دەست بە مەشق و راهێنان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ناوەكانی دوو لیوای هاوبەشەكە بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك مەشق دەكەن و دواتر ئەو هێزانە بەسەر ناوچە كوردستانییەكاندا دابەشدەكرێن.

باسی لەوەشكردووە، ئەو ناوچانە بە یەك هێز بەرێوە ناچن و پێویستیان بە شەش لیوای هاوبەش هەیە، بۆیە ئەمە هەنگاوی یەكەمە و لیوای دیكەش دروست دەكرێن، لەبەر ئەوەی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر ئاسان نییە و كاتی پێویستە تاوەكو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق یەك بگرنەوە.

ئەركی ئەو لیوا هاوبەشانە پاراستنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، كە بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوەو كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە بۆشایی ئەمنی دروستبوو، ئەوەش وایكرد چەكدارانی داعش بەردەوام هێرش بكەنە سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا