كۆمەڵ ساختەكارییەكی هەڵبژاردن لە هەولێر ئاشكرا دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

كاندیدێكی دەرنەچوونی كۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای هەولێر بەڵگەیەكی بڵاوكردوەتەوەو ئاشكرایكردووە، بەپێی بەڵگەكە ساختەكارییەكی رێكخراو لە هەولێر كراوە.

عەبدولستار مەجید كاندیدی دەرنەچووی كۆمەڵی دادگەری لە هەولێر لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەڵگەكەدا باسی لەوەكردووە، ئەو بەڵگەیە یەكێكی دیكەیە لەو بەڵگەنامە فەرمییانەی كۆمسیۆن كە واژۆی خۆیانی لەسەرە و جەخت لە بوونی ساختەكارییەكی مونەزەم دەكەنەوە ئەویش لە ڕێگەی پەنجەمۆری ساختە .

دەشڵێت، “بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمەیە، كاندیدی دەسەڵات هەیە بە تەنها لە هەولێر پێنج هەزار دەنگی بۆ زیادكراوە لەو ڕێگەیە و بەشێوازی دیكە، جگە لە كەمكردنەوەی دەنگی ئێمەمانان لە هەر وێستگەیەك دوو تا پێنج دەنگ كە بە تەنها لەو بازنەی ئێمە نزیك بە هەزار وێستگە هەبووە “.!

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەسەڵات ئەوەندە لاواز و بێ ئەرزشە، جورئەتی چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی نیە ئەگەر ساختەكاریی نەكات.

نوسیوشیەتی، “جا نوێنەرێك بە پەنجەمۆری تەزویر و دەنگی درۆ و ساختە بڕواتە بەغدا، جگە لە موچەی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی حزبەكەی، چی خێر و دەستكەوتێكی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت ؟!”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم رەخنەی توندیان ئاڕاستەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە پارێزگای هەولێر گرت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەخستنەڕووی چەندین بەڵگە تەواوی پرۆسەكەی لەو پارێزگایە رەتكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، ساختەكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردنی هەولێردا ئەنجامدراوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا