پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەم بەشەدا ئەبوبەكر عەلی نووسەر و سیاسەتمەدار تیشك دەخاتە سەر بارودۆخی هەرێم و قەبارەی حزبە ئۆپۆزیسۆنەكان دوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم و پرسی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێم و بڕیاری سزادانی دەستگیكراوانی بادینان و چەند پرسێكی دیكە.
_ پۆڵەتیك پرێس: لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بینیمان گۆڕانكاری گەورە روویدا لە قەبارە و ئاستی جەماوەریی هەندێك لە حزبە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكانی هەرێمدا، هێز هەیە كە رۆژانێك خۆی بە پێشەنگی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەزانی كورسییان نەهێناوە، هێزیش هەیە لە كاتی ئێستادا ئۆپۆزیسیۆنە و نەچووەتە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمەوە ئەمیش كورسییەكانی كەمی كردووە، بۆچی ئەم هێزانە خۆیان بە بەشێك لە خەڵك و شەقامی ناڕازی دەزانی بەم شێوەیە دەنگیان هێناوە، جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی؟
+ ئەبوبەكر عەلی: بە بڕوای من هۆكاری جۆراوجۆر لە پشتیانەوەیە، دەكرێت هۆكاری هاوبەش هەبێت بەڵام هەریەكەیان دەبێت بە تەنها هەڵسەنگاندنییان بۆ بكەین، سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، روونە ئەم بزووتنەوەیە خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری تۆكمە و سەقامگیری ئایدۆلۆژی نییە، پارتی هەڵبژاردن بوو، وێنایەكی دیاریكراوی لە خۆی نیشاندابوو، خاوەنی پرۆژە و دروشمێكی دیاریكراویش بوو، بە پلەی یەكەمیش لە رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەكە و دامەزرێنەرەكەی كە كاك نەوشیروان مستەفایە بەرجەستە دەبوو، لە روانگەی جەماوەر و دەنگدەری ئەم هێزەوە، ئەم هێزە پێچەوانەی دروشم و مژدەكانی خۆی لە رابردوودا رەفتاری كردووە و پشتی كردووەتە ئامانجەكانی واتە لە خەڵك، بۆیە دەنگدەرەكانی سزایان داو متمانەیان لێ سەندەوە، سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی بە بڕوای من چەند خاڵێك هۆكاربووە، جارێ دەنگیان زۆر كەمی نەكردووە، زیاد لە 60 هەزار دەنگیان هێناوە كە دەبوو نزیكەی سێ كورسی بهێنن، بەڵام ئەوەی كاریگەری لەسەر كەم بوونەوەی كورسییەكان هەیە رەنگە سێ شت هۆكاربووبێت یەكەمیان زیاد لە پێویست متمانە بەخۆبوونیان، دووەم سەرنەكەوتن لە جوان ئیدارەدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، كاندید لە كوێ دادەنێن و لەگەڵ كێ هەماهەنگی دەكەن و چۆن ئیدارەی دۆخەكە دەكەن لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردن كە یاسایەكی نوێ بوو بۆیەكەمجاربوو خرابوویە بواری جێبەجێكردن، سێیەمیشیان رەنگە تێكەڵبوونی وێنابێت لە رێی هەندێك لە پەرلەمانتارەكانییەوە بە گوتارێك لە بەغدا، كە جۆرێك لە برینداركردنی هەستی نیشتمانی خەڵك و رواڵەتێكی كەرنەڤاڵییانەی هەبوو رەنگە ئەوەش بەشی خۆی كاریگەربووبێت لە هەندێك شوێن كە زیانی لێدابن.
_ پۆڵەتیك پرێس : دەمەوێت سەرەنجی بەڕێزت بزانم لەسەر دەرنەچوونی كاندیدە سەربەخۆكان هۆكاری سەرەكی چییە ئەوان نەیانتوانی دەرچبن؟
+ ئەبوبەكر عەلی: بە بڕوای من سێ هۆكاری سەرەكی لە پشتی دەرنەچوونیانەوەبوو، یەكەمیان ئەو گوتارە رادیكاڵە توندەی لە بەغداوە ئاراستەیان دەكرد كە هەستی نیشتمانی مرۆڤی كوردی برینداردەكرد، وێنەیەكیان لێ ئەگیرا هەندێكجار وەك ئەوەی كە بێباك و بێخەم بن دەربارەی چارەنووسی قەوارەی هەرێمی كوردستان و گوێنەدەنێ چارەنووسی خەڵكی كوردستان چی لێدێت و چی لێنایەت، سەرەڕای پێداگری و رەخنەی توندیان لە دۆخی هەرێمی كوردستان، دووەمیان پەیوەندی بە واقعی كوردستانەوە هەیە كە ناتوانێت سەربەخۆ سەربخات، واتە ئاراستەی بیركردنەوەی دەنگدەر و هاووڵاتی لە كوردستاندا پێچەوانەی ئەوەیە خەڵكانی سەربەخۆ لە دەرەوەی چوارچێوە حزبییەكانەوە سەربخات، سێیەمیان وێنایەكیان لێئەگیرا كە ئەمانە هێندەی دیاردەیەكی قسەكەر و گوتاری بوون، ئەوەندە بە كردەوە ئیشیان نەكردووە، بۆ ئەو ئامانجانەی كە لە خودی قسەكانی خۆیاندا دەیانخستەڕوو بۆ خەڵكی كوردستان.
_ پۆڵەتیك پرێس : ئەمڕۆ ( 8_11_2021) لە یەك رۆژدا دوو وێنەی جیاوازمان بینی، وێنەیەكیان كۆچی بەلێشاوی گەنج و هاووڵاتی ئەم هەرێمەیە لەسەر سنورەكانی بیلاڕووسیا، وێنەیەكی دیكەیان جارێكی دیكە دادگایی كردنی ژمارەیەك دەستگیركراوی تری بادینان بوو كە سزا دران، پێتان وایە دەسەڵات پێویستە لە هەرێمی كوردستان چی بكات، بۆئەوەی جارێكی دیكە ئەو وێنە تراژیایانەی كۆچكردن نەبینین، دەربارەی دەستگیركردن و دادگایی كردن و سزادانی دەستگیركراوانی بادینانیش پێم خۆشە رای بەڕێزتان بزانم؟
+ ئەبوبەكر عەلی: دیمەنی كۆچی بە لێشاوی ئەم هەرێمە و بەتایبەتیش گەنجان، كە بەشی زۆری بەرهەمی قەیرانی ئابوری سیاسی تێكەڵ وهەست بە نائومێدی و بێ ئاسۆییە، لەسەر سنوری وڵاتان لە نێوو سەرماوسۆڵەو دژواری وجۆرەها رەنج ومەترسیدا، دەبێت سیاسەتمەدار و كاربەدەستی هەرێم ڕاچڵەكێنێ ولەبری جارێك دەجار بیر لەهۆكاری ئەو دۆخ و نائومێدیە بپرسێ وهەوڵی شكاندنی ئەو زهنیەتە بدات كەتوانای چاكسازی وخۆبیناكردنەوەی زۆرسنوردارە.
دەربارەی دەستگیركراوانی بادینانیش نزیكەی سێ چوار وتارم لەبارەیەوە نووسیوە و بە یەكێك لە هەڵەكانی حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستانم لە قەڵەم داوە، كە پەنای بردووەتە بەرشتێك بەرگری لێكردنی ئاسان نییە، لەبەرئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان بە بەشێك لە بنكە جەماوەرییەكەی پارتیشەوە بڕویان بەو پاساوانە نییە كە دەزگا فەرمییەكانی پارتی و حكومەت و دەسەڵاتی ناوچەكە بۆ دەستگیركردنی ئەو چالاكوانانە دەیخەنە ڕوو، پێیان وایە ئەمە زوڵمە، رووپۆشكردنی میدیایی دادگاییكردنەكەیش ئەوەندەی تر ویژدانی خەڵكی كوردستانی هەژاندووە، وای لێكردووە وێنای دەسەڵاتی وەكو دەسەڵاتێكی بێباك گوێپێنەدەر بە هەستی هاووڵاتیانی خۆی وێناكردووە، بێگومان كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یەكێتی ئەوروپا و باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمانیش هەریەكە و بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەوەیانداوە بە گوێی حكومەتی هەرێمدا، كە ئەمە دۆخێكی ناسرووشتییە و نابێت حكومەتی هەرێم رەچاوی پێوەرەكان بۆ ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاركردن و ئازادییەمەدەنییەكان بەشێوەیەكی گشتی نەكات، كەواتە تۆ ناوخۆ تێت نەگات و دەرەوەش تێت نەگات، ئاسان نییە كارێك بكەیت كە بچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانەوە، بۆیە ئەوە بەبڕوای من نە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بوو، نە لەبەرژەوەندی خودی پارتی بوو، لەبەرئەوە پارتی باجێكی گەورەی دا لە بادینان كە خەڵك لە رێی دەنگدان بە كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامی و لە ساتە وەختێكی دیاریكراودا ناڕەزایەتیەكی گەورەیان بەرامبەر دەسەڵات لە دەڤەرەكەیان نیشاندا، ئەبێت دەسەڵات لە هەرێم لەمەتێبگات كە پینە و پەڕۆ بە كەڵكی دەسەڵات نایەت هەنگاوی سنوردار و دۆخی چەقبەستووی ئێستا بە كەڵك نایەت و ناتوانێت ئێمە لەم دۆخە رزگاربكات، هەرێم بە تەواوی مانا پێویستی بە دووبارە بیناكردنەوە هەیە، هەتا هەرێم بەمجۆرەی ئێستا دابەشكراوبێت و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و بەڕێوەبردنی هەرێم بەمجۆەی ئێستابێت دەسەڵات نا دامەزراوەیی بێت و فرە دەسەڵاتی لە هەرێمدا هەبێت دەسەڵاتێكی بەهێزی ناوەندی پارێزەری بنەماكانی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤمان لەم هەرێمەدا نەبێت، وە دیدێكی هاوبەشمان بۆ ئیدارەدانی نەبێت و واز لەم ململانێ نەزۆكە مێژووییە نەهێنین كە جەستەی ناسیۆنالیزمی كورد و وڵات و نیشتمان و حكومەتی ئێمەی ئیفلیج كردووە ناتوانین باس لە چاكسازییەكی گەورە یان دووبارە بەكارهێنانەوەی زانستیانە و عەقڵانی و ئەخلاقیانەی سەرچاوە ماددی و مرۆییەكانی وڵاتی خۆمان بكەین بۆیە بەتەواوی مانا كوردستان پێویستی بە پەیمانێكی كۆمەڵایەتی و رێككەوتنێكی سیاسی نوێ هەیە بۆئەوەی دووبارە بینای ئەم هەرێمە بكرێتەوە لەسەر بناغەیەكی نوێ، دەكرێت نووسینەوە و رێككەوتن لەسەر دەستووریش بكرێتە سەرەتای ئیشكردنێكی جدی تەواوفق لەسەركراو بۆ ئەو ئامانجە نیشتمانی و ئەخلاقییە بەدی نەهاتووانە.
_ پۆڵەتیك پرێس : لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پێویستە كورد لە بەغدا چی بكات، لەلایەك لەم دۆخەی ئێستای عێراق پێویستە كورد چ رۆڵێكی هەبێت وە بۆ ئەو دۆسێیانەی خۆشی كە وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی چەندین دۆسییەی هەیە لەگەڵ ناوەند، پێویستە چی بكات؟
+ ئەبوبەكر عەلی: زۆربەی خەڵكی كوردستان دەزانێت پێویستە چی بكات، پێویستە كورد وەكو پێكهاتە لە بەغدا ئامادەبن، سەرەڕای بوونی فراكسیۆن و دیدگای جیاوازی سیاسی، پێویستە كورد هۆشیاربێت بە ئامانجە هاوبەشەكانی نێوان فراكسیۆنەكانی خۆی، هەموو فراكسیۆنەكان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات و بە رادیكاڵ و بە راستڕە وو چەپڕەوەوە (ئەگەر ئەم دابەشكارییە بۆ ئێستای هەرێم راست بێت) كۆمەڵێك ئامانجیان لە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیاندا گونجاندووە پەیوەندییان بە شتە سەرەكییەكانی كوردستانەوە هەیە، وەكو چارەنووس و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان لە پەیەوەندی بە بەغداوە، لەوانەی بابەتی ماددەی 140 بەداخەوە كە تائێستا هەر بەناو باس دەكرێت و كەس كاری راستەقینەی بۆ نەكردووە، لە ساڵانی رابردوودا، ئەوەشی كراوە شتی كاتی بووە، بە بڕوای من پێویستە یەكێتی و پارتی هاوپەیمانێتییەكی راستەقینەیان هەبێت كە خاوەنی 50 كورسین، لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا دیدگای هاوبەشیان هەبێت و رۆڵ دابەش بكەن، وە پێویستە سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا هەماهەنگی هاوبەشیان هەبێت لەسەر ئەو شتانەی كە لەسەری ناكۆك نین و ئەركی هاوبەشی هەموویانە بە سیفەتی كوردستانی بوون بەیەكەوە بچنە ناو گفتوگۆكانەوە و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكەن و ممارەسەی جیاوازییەكانی خۆیشیان لەم نێوەندەدا بكەن.