پۆڵەتیک پرێس
سەردانە لەناکاوەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە و داوای ڕوونکردنەوەی لێدەکرێت و سەردانەکەش بە “سوکایەتی بۆ کەسوکاری قوربانیانی دەستدرێژییەکانی تورکیا وەسفدەکرێت”.
رۆژی ٤ی ئەیلول نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژێک پێشتر لە بەغداد لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیماوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆبوەوە.
لەبارەی ئەو سەردانە کتوپڕەوە، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فەیسبوکی نوسیویەتی: “دەبێ نێچیرڤان بارزانی رونکردنەوە بدات لەسەر ئەو سەردانە لەناکاو و حزبیە بەپەلەیەی بۆ تورکیا و کاتی ئەوەیە کۆتایی بەو پەیوەندییە گوماناوییەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان بهێنرێت”.
باسی لەوەش کردووە: ئێستا چەندین دەوڵەتی کاریگەری دونیا دژایەتی ئەجێنداکانی ئەردۆغان دەکەن، کەچیی نێچیرڤان بارزانی لە نیشاندانی دڵسۆزی و دۆستایەتی ئەردۆغان بە حەماسێکی زۆرەوە بەردەوامە، هەروەها تورکیا رۆژانە هاوڵاتیانی کوردستان دەکاتە ئامانج، نێچیرڤان بارزانیش نانی بەیانی لەگەڵ چاوشئۆغلۆ و نیوەڕۆ لەگەڵ ئەردۆغان دەخوات وەک ئەوەی هیچ روی نەدابێت ئەمەش گەورەترین ئیهانەی هەستی گەل بەتایبەت خاوەنی قوربانیەکانە.
هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش کردووە: پێویستە نێچیرڤان بارزانی هۆکاری ئەم سەردانە کەسیی و کتوپڕەی خۆی بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان ئاشکرابکات، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا و قسەکردنی لەسەر دەستێوەردانی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن تورکیاوە، هەروەها ئەم سەردانە شاندەکەی تەنها لە ئەندامانی پارتی پێکهاتون و کتوپڕ بووە، چەندین تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت.
هاوکات غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕەخنەی لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی گرتووە و باسی لەوە کردوە: نێچیرڤان بارزانی رۆیشت بۆ توركیا بۆ ئەوەی هەرچی روویداوە لە كۆبونەوەكانی عێراق و فەرەنسا، كە بەشێكی پەیوەندی بە توركیاوە هەیە، بە جوانی بگوازێتەوە و ئەڵێن وتویەتی دەبێت خۆم بێم گەر نا بە تەلەفون نابێت لەوە دەچێت شتێكم بیر بچێت و پێتان نەڵێم! “.